حەیدەر عەبادی بۆ مەسرور بارزانی: بەئامانجگرتنی نووسینگەکەت پەیامێکی نیگەرانکەرە بۆ سەقامگیریی عێراق

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشتری عێراق، نامەیەکی هاوسۆزی و ئیدانەکردنی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی ئەو دەستدرێژی و هێرشەی کرایە سەر نووسینگەکەی.

حەیدەر عەبادی بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردووە کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ مەسرور بارزانی و بنەماڵەکەی دەربڕیوە.

عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە "بەئامانجگرتنتان بەم شێوازە کارێکی مەترسیدار و ئیدانەکراوە، لەگەڵ هیچ مەنتقێکی سیاسی یان نیشتمانیدا ناگونجێت و پەیامێکی نیگەرانکەرە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، لە کاتێکدا ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە هێورکردنەوە، لێکتێگەیشتن و یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان هەیە."

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر جەختیشی کردووەتەوە کە جیاوازیی سیاسی، هەرچەندێک بێت، ناکرێت ببێتە پاساو بۆ بەئامانجگرتنی کەسایەتییە نیشتمانییەکان یان دەستبردن بۆ ئاسایشیان، هەروەها پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و بەرپرسان و پاراستنی سەقامگیری، بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی.

حەیدەر عەبادی جەختی لەسەر پێویستیی ئاشکراکردنی لایەنە بەرپرسەکانی پپشتی ئەو هێرشە و سزادانیان بەپێی یاسا کردووەتەوە.