ترەمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی ئێران دەکات و تارانیش ستراتیژیی هێرشبەری ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند پێویستە ئێران ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان هەڵبکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، و هۆشداریی بۆردوومانکردنی توندی دایە عومان ئەگەر لەبەردەم پلانەکانی واشنتندا بوەستێتەوە؛ لە بەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بەهۆی بنبەستی دانوستانەکانەوە بڕیاری داوە سیاسەتی سەربازیی خۆی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردنی تەواوەتی بگۆڕێت.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە 28ـی شوباتەوە بە تەواوی گەیشتوونەتە بنبەست، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو وادە 60 رۆژەی کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیراندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دیاریکرابوو.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: پێویستە ئێرانییەکان ئاڵای سپی بۆ خۆبەدەستەوە دان هەڵبکەن.

سەبارەت بە هەوڵەکانی نێوەندگیریی عومان و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە پێش شەڕ لە 20%ـی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، ترەمپ هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی مەسقەت کرد و گوتی: ئەگەر عومان لە رێگەی ئێمەدا بوەستێتەوە، زۆر بە توندی بۆردوومانی دەکەین.

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جەختی لە ئامانجی سەرەکیی شەڕەکە کردەوە و نووسیویەتی: ئامانجی یەکەممان، کە هەمیشە وادەمێنێتەوە، ئەوەیە کە ئێران بە هیچ جۆر و شێوازێک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها رەتیکردەوە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم کار لە بڕیارەکانی بکات و گوتی: ئەو هەڵبژاردنانە هیچ پەیوەندییەکی بە بیرکردنەوەی منەوە نییە، هاوکات جەختی لە لێدوانەکانی پێشووی کردەوە کە لە پاش تێکشکاندنی ئێران، گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا دەناسێنێت.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە تاران بڕیاری داوە دۆخی سەربازیی خۆی لە قۆناخی بەرگرییەوە بۆ هێرشبردنی تەواوەتی بگۆڕێت.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی: پێویستە سەرجەم دەزگا و یەکە ئێرانییەکان خۆیان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و تەواوی ناوچەکە ئامادە بکەن، چونکە ئێران ئامادەیە بڕیاری سەخت بدات و جێبەجێیان بکات.

ناوبراو هۆشداریی دا، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە تەواوی شکست بهێنن، ئەوا سوپای ئێران لە کاتی گونجاودا و بە شێوازێکی زۆر ورد هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان ئەنجام دەدات بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا بەسەر کەناراو و بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوویەتی.

بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکرای کرد، تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامێکی گەیاندووەتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، کە تێیدا هاتووە: پێویستە ئەمریکا لە ماوەیەکی دیاریکراوی کەمدا کە تەنیا چەند هەفتەیەکە، تەواوی مەرج و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات؛ ئەمەش مەرجی سەرەکییە پێش ئەوەی هیچ دانوستانێکی دیکە لەگەڵ واشنتندا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆیتەرز، رەگی ناکۆکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی 17ـی حوزەیران کە تێیدا بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگیرێن؛ بەڵام تاران بەپێی ماددەی 5ـی رێککەوتنەکە داوای بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزی دەکرد و واشنتن رەتیکردەوە، ئەمەش دواتر بووە هۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان و راگەیاندنی ترەمپ لە 7ی تەممووز بەوەی کە رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە.