پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و پێکهاتەکەی رێکدەخرێتەوە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەمزووانە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و ئامانج لێی رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی و یاسایی ئەو دامەزراوەیەیە.
مەحموود فالح شەمهری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی گرنگی ئەمنییە، پێویستە کارەکانی رێکبخرێتەوە و پێکهاتەکەی دیاربێت. گوتیشی، ئەگەری هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە رەشنووسی پڕۆژەیاساکە بگاتە پەرلەمان و راستەوخۆ بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، ئاراستەیەک لەناو پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی میوانداری سەرکردەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت، مەبەست لێی گفتوگۆکردنە لەسەر وردەکاریی ناوەڕۆکی یاساکە، پێکهاتەی رێکخراوەیی و دیاریکردنی ئەرک و مافی کارمەندان، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێگەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بگونجێت.
هاوکات حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی پێکهاتەکان لەناو دەستەی حەشدی شەعبی رێکدەخرێنەوە و ناوی گرووپەکانیش لە چوارچێوەی دەستەکەدا دەگۆڕدرێن.
دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیکەی 70 گرووپی چەکدار پێکهاتووە و لە ساڵی 2016 ـەوە بە یاسا بووەتە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. پڕۆژەیاسا نوێیەکەش کار بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی کارمەندانی ئەو دەستەیە دەکات لە چوارچێوەیەکی یاسایی و کارگێڕیدا.