سلێمانی.. هونەرمەندانی کورد و عەرەب پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەشیان کردەوە
لە نۆیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەواجس، پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش، بۆ 42 هونەرمەندی کورد و عەرەب بە ناونیشانی "رەنگەكان لە شاری جوانی بەیەكمان دەبەستێتەوە"، لە گەلەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، تارا شازەمان، خانمە هونەرمەندی بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "من بە دوو تابلۆ لەم پێشانگەیەدا بەشداربووم، تابلۆکانی سەرجەم بەشداربووان هەر یەکەیان چیرۆکێکیان هەیە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە پێشانگەیە، جیاوازیی شێوازەکانی شێوەکارانە. بینەر لە بەردەم تابڵۆکاندا تەنیا بە یەک جۆر رووبەڕووی بینینی جیهان نابێتەوە؛ بەڵکو هەر یەکێکمان بە زمانێکی تایبەتی خۆمان هەست و بیرۆکەکانمان دەگوازینەوە."
گوتیشی "یەکێک لەو خاڵانەی لەم پێشانگەیەدا سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە رەنگ لە زۆرێک لە کارە هونەرییەکانمان دا تەنیا ئامرازێکی جوانکاری نییە. رەنگ دەتوانێت هەست دروست بکات، شوێن و کات بە بینەر بگەیەنێت و تەنانەت دەربڕینی بارودۆخێکی دەروونی بێت. رەنگە گەرمەکان دەتوانن هەستی ژیان و جوڵە دروست بکەن، رەنگە ساردەکان ئارامی یان دووری بخەنەڕوو، و تێکەڵبوونی رەنگەکان دەتوانێت وەک گفتوگۆیەک لەنێوان هەستە جیاوازەکان کار بکات. بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە بینەرە کە مانای خۆی لە تابلۆکەدا دەدۆزێتەوە."
تارا شازەمان باس لە گرنگیی بەشداریکردنی ژنان لە پێشانگەکان دەکات و دەڵێت، "بەشداریی ئێمەی خانمان لە بواری شێوەکاری و پێشانگەکاندا، تەنیا زیادکردنی ژمارەی بەشداربووان نییە؛ بەڵکو ئێمەی خانمان دەنگ و روانگەی تایبەتی خۆمان دەخەینە ناو ژینگەی هونەری و بەشێک لە گفتوگۆی گشتیی لە بواری هونەردا دروست دەکەین."
تارا شازەمان ئاماژەی بەوەش دا، "هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ ئەم پێشانگەیەش گرنگیی خۆی هەیە. سلێمانی لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بووەتە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی نمایش و پێشخستنی هونەر و کولتوور لە کوردستاندا. پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی لەم شێوەیە دەتوانێت پەیوەندیی نێوان هونەرمەندانی جیاواز بەهێز بکات و دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە دروست بکات."
نۆیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەواجس، بەبەشداری 42 هونەرمەندی کورد و عەرەب، رۆژی یەکشەممە، 16ی ئابی 2026، لە گەلەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی کرایەوە.
