گرۆسی: چەندین تۆن ماددەی ئەتۆمیی رژێمی پێشوومان لە دێرەزوور دۆزییەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، رایگەیاند پشکنەرانی ئاژانسەکە دەستیان بە شوێنێکی نهێنی لە دێرەزوور گەیشتووە و چەندین تۆن ماددەی ئەتۆمیی رژێمی پێشووی سووریایان دۆزیوەتەوە؛ هاوکات ستایشی هاوکارییەکانی حکوومەتی سووریای کرد و دەستپێکی قۆناخێکی نوێی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتییانەی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی راگەیاند.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشق سەرنجی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ئەتۆمیی سووریا و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

گرۆسی ئاشکرای کرد کە حکوومەتی سووریا بڕیارێکی بوێرانەی داوە بە ئاگادارکردنەوەی ئاژانسەکە لە بوونی بنکەیەکی نهێنیی پێشووی رژێم، و گوتی: دوای ئەو بڕیارە بوێرانەیەی ئێوە بە ئاگادارکردنەوەمان لە بوونی شوێنێکی دیکە کە ماددەی ئەتۆمیی تێدا کۆگاکراوە، توانیمان بچینە نێو ئەو شوێنە نهێنییەی دێرەزوور؛ ئێمە باسی چەندین تۆن لە ماددەی ئەتۆمی دەکەین کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی پێشووەوە بەجێمابوو و دەکرا بە خراپی بەکاربهێنرێت.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەمڕۆی بە "رۆژێکی گرنگ بۆ ئاسایش، ئاشتی و هەوڵەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی" ناوبرد و رایگەیاند، پێچەوانەی رژێمی پێشوو کە هیچ هاوکارییەکی نەدەکرد، 18 مانگ لەمەوبەر دەستیان بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریادا کردووە.

گرۆسی گوتی: سووریا پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەتێک وەرگرتەوە کە بە تەواوی پابەندە بە سەرجەم ئەرکە یاساییەکانی لە بواری نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی. ئێمە ئێستا پەڕەی رابردوو دادەخەین و بەشێکی نوێ لە هاوکارییە ئەتۆمییەکان دەستپێدەکەین، و هەنگاوەکانی داهاتوو پشتیوانی و هاوکاریی زیاتری ئاژانسەکە دەگرێتەوە بۆ سووریا.

گرۆسی جەختی کردەوە کە لە قۆناخی داهاتوودا، تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی لە سووریا تەنیا بۆ بوارە ئاشتییانە و مەدەنییەکان بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لە سێ کەرتی سەرەکیدا، ئەوانیش: بەرهەمهێنانی وزە؛ کەرتی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.

لەلایەن خۆیەوە، دەستەی وزەی ئەتۆمیی سووریا لە دیمەشق رایگەیاند، بەردەوامە لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست، بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەواوەتیی میراتی رژێمی پێشوو و کارکردن بۆ کاراکردنەوەی ئەندامێتیی تەواوی سووریا لە ئاژانسەکەدا.

دەستەی وزەی ئەتۆمیی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای سنوورداریی تواناکانیان، پێشکەوتنی بەرچاویان لەم دۆسیەیەدا بەدەستهێناوە، و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕی کرد بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی و یاسایی پێویست بە دیمەشق.