کارمەندێکی کوردستان24 لە ئەمریکا خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتاریی بەدەستهێنا
فیلمی دۆکیۆمێنتاری "هەناری پارچە پارچە بوو"، کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی سەربەخۆی ئۆرلاندۆ، لە شاری ئۆرلاندۆ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بەڕێوەچوو، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری بەدەستبهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی دۆکیۆمێنتاری "هەناری پارچە پارچە بوو"، بە روانینێکی مرۆیی دەچێتە ناو چیرۆکی ژیانی کوردان لە چوار وڵاتی وەکو، ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا؛ گەلێک کە لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا رووبەڕووی جەنگ، ئاوارەبوون، جیاکاری، زوڵم و بێبەشبوون لە هەندێک مافی سەرەتایی مرۆڤ بووەتەوە. فیلمەکە تەنیا وێنەیەک لە ئازارەکانی ئەم کۆمەڵگەیە پیشان نادات، بەڵکو هەوڵ دەدات لە پشت ئەو ئازارانەوە مرۆڤ و خەونەکانی ببینێت؛ مرۆڤێک کە سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانە، هێشتا خەونی ژیانێکی ئاسایی، ئارام و سەلامەت لە دڵیدا هەڵگرتووە."
گوتیشی، "لە ناو ئەم گێڕانەوەیەدا، باشووری کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارامتر و سەلامەتتر دەردەکەوێت؛ شوێنێک کە بۆ بەشێک لە کوردانی ناوچەکە کە لە جەنگ و نائارامی هەڵاتوون، دەتوانێت ببێتە پەناگە، هیوای ژیانێکی نوێ و دەرفەتێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە."
جوبرائیل ئەبوبەکر باس لە گرنگی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی سەربەخۆی ئۆرلاندۆ، فێستیڤاڵێکی سینەمایییە کە ساڵانە لە شاری ئۆرلاندۆ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە پاڵپشتیکردن و دیاریکردنی سینەمای سەربەخۆ لە سەرانسەری جیهاندا. ئامانجی دروستکردنی پلاتفۆرمێکە بۆ دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەرە سەربەخۆکان تا بەرهەمەکانیان بە جیهان ئاشنا بکەن و خەڵاتی شایستەیان پێ ببەخشرێت."
دەربارەی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە، جوبرائیل ئەبوبەکر دەڵێت، "فێستیڤاڵەکە خەڵاتی جۆراوجۆری لە بەشە جیاوازەکاندا بەخشی وەکو، خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ، باشترین فیلمی کورت، باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت. خۆشبەختانە فیلمەکەم لەنێو 4650 فیلم، کە تەنیا 100 فیلم وەرگیرابوو، توانیم خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری بەدەستبهێنم."
جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی کردووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
