لە کابینەی نۆیەمدا 14 ملیۆن مەتر دووجا خاک لە مین پاککراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، نوێترین ئامار و دەستکەوتەکانی دەزگاکەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا خستە روو و رایگەیاند، رووبەرێکی فراوان لە خاکی هەرێم لە مەترسیی مین و پاشماوەی تەقەمەنی پاککراوەتەوە.
جەبار مستەفا، بەڕێوەبەری دەزگای مین، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: تیمەکانی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویانە رووبەری 14 ملیۆن مەتر دووجا لە خاکی هەرێمی کوردستان پاک بکەنەوە، کە کۆی گشتی 316 کێڵگەی مین دەگرێتەوە."
بەڕێوەبەری دەزگای مین ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 180 هەزار پارچە مین و تەقەمەنی جۆراوجۆر هەڵگیراونەتەوە و پووچەڵکراونەتەوە، گوتیشی: "تیمەکانمان کارەکانیان لەو ناوچانە چڕ کردووەتەوە کە ئاوەدانییان تێدایە یان ناوچەی گەشتیارین، تاوەکو رێگری لە رووداوی نەخوازراو بگرن و گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت."
سەبارەت بە دابەشبوونی تیمەکان، جەبار مستەفا روونی کردەوە، ئێستا 35 تیمی تایبەت لە پێنج بەڕێوەبەرایەتی جیاواز کار دەکەن، بە جۆرێک لە هەولێر 9 تیم، سلێمانی 15 تیم، دهۆک 5 تیم و نیو، گەرمیان 3 تیم و لە هەڵەبجە 2 تیم جێگیر کراون، کە هاوشانی ئەوان تیمی تایبەت بە تەقاندنەوە و لەناوبردنی مینەکانیش کار دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری دەزگای مین تیشکی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی کێڵگەکانی مین لەسەر کەرتەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و رایگەیاند، ئەو مینانەی لە کاتی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکان چێندراون، تا ئێستاش مەترسین بۆ سەر ژیانی جووتیاران و گەشتیاران.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی رووداوەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لەمساڵدا تەنیا 8 رووداو تۆمارکراون کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 2 کەس و برینداربوونی 6 کەسی دیکە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئێستا، 13 هەزار و 600 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین، کە زۆربەیان جووتیار، ئاژەڵدار و ئەو کەسانەن بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری روو لە کوێستانەکان دەکەن.