ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی کەنداو
کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی چوارشەممە هۆشدارییەکانی بۆ وڵاتانی کەنداو نوێ کردەوە سەبارەت بە هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ ئەمریکا لە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت ئیمارات رایگەیاند هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و دارایی لەگەڵ تاران راگرتووە.
چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی رابردوو، تاران بە کردەیی گەرووی هورمزی داخستووە، کە دەمارێکی سەرەکیی وزەی جیهانە، لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی مێهر بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند: "هەر جۆرە هاوکارییەک یان ئاسانکارییەک بۆ سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا، بە بەشداریی راستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دژی ئێران ئەژمار دەکرێت." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دوورە لە راستییەوە وڵاتانی ناوچەکە ئاگاداری بوونی فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەرە سووتەمەنییەکان نەبن لە بنکە سەربازییەکانیاندا.
لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە و ئەو هێرشانەی تاران بە مووشەک کردوویەتیە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کۆمپانیای ئادنۆک، هەموو چالاکییە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ ئێران راگرتووە، هاوکات تاران لای خۆیەوە رەتیدەکاتەوە هیچ مووشەکێکی ئاراستەی خاکی ئیمارات کردبێت.
لەو بارەیەوە لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە ستراتیژی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئێستا زیاتر سەرنجیان لەسەر فشاری ئابوورییە نەک هێرشی سەربازی، ترەمپ جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بە تەواوی کاریگەرە و گەرووی هورمزیش کراوەیە و بە ئاسایی کار دەکات. هەروەها ترەمپ نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا گەرووی هورمزی وەک خاکێکی نوێی ئەمریکی وەسف کردووە، کە تاران ئەمەی بە "خەیاڵ و وەهم" ناوبرد.
هاوکات، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتە بەغدا و رایگەیاند، سەردانەکەی بە ئامانجی بەهێزکردنی سیستەمی نوێی ناوچەکەیە و خێراکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتانە بەبێ دەستوەردانی بیانی، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تا 30ـی ئەیلوولی داهاتووی وەک مۆڵەت دیاری کردووە بۆ گروپە چەکدارەکان تا چەکەکانیان رادەست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ناوچەی نوێ پەل دەهاوێژێت، مەعەمەر ئەلئەریانی، وەزیری راگەیاندنی یەمەن، هۆشداری دا، حوسییەکان پلانیان هەیە دەست بەسەر ناوچە کەناراوییەکانی نزیک گەرووی بابولمەندەبدا بگرن، ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر رێڕەوێکی دیکەی گرنگی کەشتیوانی لە جیهاندا.