سلێمانی.. کورتەفیلمی "چاوەڕوان" بەرهەمهێنرا
کورتەفیلمی "چاوەڕوان"، کە لە دەرهێنان و مۆنتاژی توانا عەلییە و باس لە کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤێک دەکات، بەرهەمهێنرا.
توانا عەلی، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە دەڵێت، "ئەو کورتەفیلمە بە مۆبایل لە دەریاچەی دوکان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و تەنیا یەک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕێت؛ کورتەفیلمێکە بەبێدەنگی، چاوەڕوانی و نیگەرانیی کەسێک بۆ ئازیزێکی دیکە دەخاتەڕوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، توانا عەلی، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی راگەیاند، "کورتەفیلمی "چاوەڕوان"، خۆم کاری دەرهێنان و مۆنتاژم بۆی کردووە؛ ئەم فیلمە بە شێوەیەکی سادە و بە بەکارهێنانی مۆبایل لە دەریاچەی دوکان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و لە چوارچێوەی درامای دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەستی چاوەڕوانیی مرۆڤێک بۆ کەسێکی خۆشەویست دەگێڕێتەوە."
گوتیشی، "لە فیلمەکەدا تەنیا یەک ئەکتەر رۆڵ دەگێڕێت و کەسایەتییەکە لە چاوەڕوانیی کەسێکی دیکەدایە، بەڵام روون ناکرێتەوە ئەو کەسە کێیە یان کچە یان کوڕە. ئەم نەبوونی ئاماژەیە بە هۆکارە و من هەوڵم داوە بینەر خۆی چیرۆکەکە بخوێنێتەوە و لە مانای ئەو چاوەڕوانییە بیر بکاتەوە."
توانا عەلی زیاتر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمەکە بە شێوازی ریل کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و هەست و نیگەرانیی کارەکتەرەکەش نەک بە دەربڕینی رووی، بەڵکو بە جووڵەی دەست و سەر، چاوەڕوانی، گوێگرتن لە هێدفۆن، چوونە سەر مۆنیتۆر و دانیشتن دەردەخات."
دەرهێنەری کورتەفیلمەکە ئاماژەی بەوەش دا، "هەڵبژاردنی شوێنی دەریاچەی دوکان تەنیا بۆ جوانیی وێنەکان نەبووە، بەڵکو هەوڵم داوە سروشتی شوێن و بێدەنگیی دەوروبەر بەشێک بێت لە گوزارشتکردن لە هەستی ناوخۆیی کارەکتەرەکە و ئەو چاوەڕوانییەی بەسەریدا دەڕوات."
بڕیارە کورتەفیلمی "چاوەڕوان"، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکانی فیلمی مۆبایل لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ بەدەستهێنانی خەڵات لە پشبڕکێی ئەم فێستیڤاڵانەدا بەشداری بکات.