وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ئێران هەرەس دەهێنێت و دەیروخێنین

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی توندترین سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، کە دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و داڕمانی تەواوەتی.

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، سکۆت بێسینت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی ئێن بی سی" ئاماژەی بەوە کرد، روژی دووشەممە کۆنفرانسێکی روژنامەوانی بۆ تاوتوێکردنی رێکارە نوێیەکان دژی ئێران ساز دەکرێت، راشیگەیاند جێبەجێکردنی فشاری ئابووریی بۆ سەر تاران جیدییە و هیچ گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ دواوە لە ئارادا نابێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە راشکاوی گوتی، " ئێران هەرەس دەهێنێت و ئێمە دەیروخێنین."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو گۆشەگیرییە ئابوورییەی رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، گەورەترین دەبێت لە مێژوودا، و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانان و وڵاتانی جیهان واز لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بهێنن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد واشنتن کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات، کە بڕێکی یەکجار زۆر نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ"ەوە پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کەس وەک من دەرفەتی رێککەوتنی بە ئێران نەداوە، بەڵام بەداخەوە بۆ خۆیان نەیانقۆستووەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووریی بۆ سەر ئەو وڵاتە رادەگەیەنم کە تا ئێستا دژی هیچ دەوڵەتێک ئەنجام درابێت، ئەمە دەبێتە جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرییەک لەسەر ئاستێکی بێوێنە."

ترەمپ هەڕەشەی لێکەوتەی ئابووریی یەکجار گەورە لەو وڵاتانە دەکات کە رێگە دەدەن دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکان، یان فڕۆکەخانەکانیان هەر جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە ئێران بکەن، هەروەها داوای راگرتنی قاچاخی نەوت، گۆڕینەوەی کاڵا، گواستنەوەی پارە، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیا سێبەرەکان"ی کرد.

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئێوارەی پێنجشەممە کاردانەوەی نیشان دا و رایگەیاند،  تاران سزاکان بە بەردەوامیی دوژمنایەتیی 73 ساڵەی ئەمریکا دەزانێت و هاوکاتی دەکات لەگەڵ ساڵیادی کودەتای 19ـی ئابی 1953 دژی حکوومەتی نیشتمانیی ئێران.

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەم سزایانە تیرۆری ئابووری و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، چونکە راستەوخۆ مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، هەروەها ئەم سزایانە شکستی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ ناچارکردنی ئێران بە خۆڕادەستکردن، جەخت کراوەتەوە، ئەم فشارانە ناتوانن ئیرادەی گەلی ئێران بشکێنن. 

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەم سزا نوێیانە ئەمریکا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە لە رێگەی بەکارهێنانی ئابووری وڵات وەک ئامرازێکی جەنگ. 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێران بە پشتبەستن بە ئابووری ناوخۆیی و خۆڕاگری گەلەکەی رووبەڕووی ئەم فشارانە دەبێتەوە و لە ئاست داواکاری و فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چۆک دانادات.