شێروان دووبەردانی: سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئامادە نەبوو بێتە پەرلەمان

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرەڕای بانگهێشتکردنی فەرمییان لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون بۆ روونکردنەوە لەسەر هێرشەکانی سەر بنکەکانی حەشد.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە مەبەستی پێدانی روونکردنەوە لەبارەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی، بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولئەمیر شەممەری، بەرپرسی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نێردرابوو، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ ئامادەکردنی کۆبوونەوەکە لە پەرلەمان ئامادەبوون، بەڵام ئەو فەرماندە سەربازییانە بەبێ پێدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

هاوکات زانیارییەکان روونی دەکەنەوە، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن؛ پێش روودانی هێرشەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە مەترسیی هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام فالح فەیاز هیچ ڕێکارێکی پێویستی بۆ ڕێگری لە هێرشەکان نەگرتووەتەبەر.