هەیبەت حەلبووسی سەرکۆنەی هێرشی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هێرشەکانی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی سەرکۆنە کرد و، پشتیوانیی خۆی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان دووپات کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە پێگەیشت.

بە پێی راگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد.

هاوکات هەیبەت حەلبووسی هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی رێگریکردن لەم جۆرە پێشێلکارییە ئەمنییانە کردەوە.

لای خۆشییەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێزانین و سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد لە پای دەربڕینی ئەو پشتیوانی و هاوسۆزییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.