هەڵمەتێکی 'بێوێنە' بۆ پەکخستنی ئابووریی ئێران لە ئارادایە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵمەتێکی نوێ و بێوێنەی سزادانی ئابووری دژی ئێران راگەیاند، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی گەرووی هورمز، هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش هۆشداری توند دەداتە ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ستراتیژییەکی نوێی ئابووری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران گرتووەتەبەر کە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگ لە ناوچەکەدا. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNBC رایگەیاند، واشنتن سزای توند بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا دەسەپێنێت کە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانمان و جیهان بڕیاری خۆیان بدەن."

ئەم هەڵمەتە ئابوورییە کە بە "دی دەی" (D-Day) ناوزەد کراوە، دوای ئەوە دێت کە ئیمارات لەم هەفتەیەدا بازرگانی لەگەڵ تاران راگرت، ئەمەش دوای هێرشێکی موشەکی بۆ سەر ئەو وڵاتە. ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئەمجارە فشارە ئابوورییەکان هاوکات دەبن لەگەڵ گەمارۆی دەریایی و کردەی سەربازی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران.

پلانە نوێیەکەی واشنتن بە پلەی یەکەم کڕیارە گەورەکانی نەوتی ئێران وەک چین و هیندستان دەکاتە ئامانج، تاوەکو ناچار بکرێن پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن. ترەمپ رایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی لەم فشارانە، کردنەوەی گەرووی هورمزە کە رێڕەوێکی سەرەکی وزەی جیهانییە.

لە بەرامبەردا، ئێران رەتیکردەوە ئەم سزایانە کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستەکانی هەبێت. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی، تاران لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا فێری ئەوە بووە چۆن بەرگەی فشارە ئابوورییەکان بگرێت و رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەم جۆرە هەڕەشانە "ناخنکێنرێت."