تورکیا چەند براندێکی ناسراوی خۆراکی بەهۆی بەکارهێنانی گۆشتی گوێدرێژەوە سزا دا

وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیدا بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، بوونی گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژی لە چەندین بەرهەمی گۆشتی ئامادەکراوی چەند کۆمپانیا و چێشتخانەیەکی ناسراودا راگەیاند و رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر سەرپێچیکاران گرتەبەر.

شەممە، 22ـی ئابی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە راگەیەنەراوێکدا ئاشکرای کرد، پشکنینە تاقیگەییەکان دەریانخستووە کە گۆشتی رێگەپێنەدراو لە ئامادەکردنی چەند جۆرێکی باسترمەدا هەیە، کە لەلایەن کۆمپانیای "سافت" لە پارێزگای کرکلاریلی بەرهەمدەهێنرێت و لەژێر ناوە بازرگانییەکانی "کۆجا ئاغا چیفتلیگی" و "ساڵح کۆجا ئاغا چیفتلیگی" لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە.

بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا، لایەنە پێوەندیدارەکانی چاودێری، چەندین سەرپێچیی هاوشێوەیان لە هەردوو پارێزگای مێرسین و مانیسا تۆمارکردووە، کە بەرهەمەکانی گۆشتی قیمەکراو، ژەمەکانی "تانتۆنی" و هەویری ئامادەکراوی "لەحمبلعەجین"ی گرتووەتەوە.

هەروەها لە پارێزگای مێرسین، پشکنینەکان بوونی گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژیان لە بەرهەمەکانی سەر بە کۆمپانیای "سارای" بۆ بەرهەمە خۆراکییەکان و، لەو ژەمانەدا پشتڕاستکردەوە کە لە چێشتخانەی ناسراوی "گۆزدە تانتۆنی" پێشکەش دەکرێن. سەرەڕای ئەمەش، دەرکەوتووە کە هەمان جۆری گۆشت لە هەویری خاوی "لەحمبلعەجین" بەکارهاتووە کە لە لایەن چێشتخانەی "حوسێن ئوستا مانکەشە" لە پارێزگای مانیسا ئامادە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە و لە پارێزگای مێرسین، دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر چەند ماددەیەکی دەرمانیی چالاکدا گرتووە لە ناو هەویرێکی رووەکی (مەعجون) کە رووەکی "ئیپیمیدیۆم"ی تێدایە و، لەلایەن کۆمپانیای "بیۆکلاس" بۆ بەرهەمە رووەکییەکان بەرهەمهێنراوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا جەختی لە گرتنەبەری تەواوی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بەرامبەر بەو دامەزراوە سەرپێچیکارانە کردەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکانی پشکنین و چاودێری لە سەرجەم پارێزگا و قەزاکاندا بەردەوام دەبن و، ئەنجامی پشکنینەکانیش بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە بە ئامانجی پاراستنی تەندروستیی گشتی و بەهێزکردنی چاودێری بەسەر سەلامەتیی خۆراکەوە.