جەنگی ئێران ئابووری قەتەری لاوازکردووە

جەنگی ئێران کاریگەریی قووڵی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هاوکارییە دەرەکییەکانی قەتەر داناوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارگرژییە داراییەی بەهۆی تێکچوونی دۆخی گەرووی هورمزەوە دروست بووە.

شەممە 22ـی ئابی 2026، فاینانشال تایمز ئاشکرای کرد، دەوحە بودجەی فەرمانگە حکوومییەکانی بە رێژەی 30% کەمکردووەتەوە و خەرجییەکانی بۆ هاوکارییە دەرەکییەکان بە نزیکەی 85% دابەزاندووە، ئەم هەنگاوە دەرخەری قەبارەی ئەو تێچووە داراییەیە کە جەنگ بۆ یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان دروستی کردووە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان راگەیاند، کەمکردنەوەی بودجەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی قەتەردایە بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشەکشەی توندی داهاتەکانی گازی سروشتی، هاوکات روونیکردەوە، بەهای دارایی ئەو کەمکردنەوەیەی لە بودجەی فەرمانگەکاندا کراوە، هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە.

بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شل، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی قەتەرە، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکان و داخستنی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتووە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات بەرهەمی ناوخۆیی قەتەر لەمساڵدا بە رێژەی 8.6% پاشەکشە بکات، کە ئەمە بەرزترین رێژەی کەمبوونەوەیە لەنێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.

کۆی گشتی خەرجییەکانی قەتەر بۆ ئەمساڵ بە نزیکەی 221 ملیار ریاڵ خەمڵێنراوە، وەزارەتی دارایی قەتەر لە ئایاری رابردوودا رایگەیاند، کورتهێنانی بودجە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 20 هێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 10.3 ملیار ریاڵ، ئەمەش دەرەنجامی راستەوخۆی ئەو جەنگەیە کە لە 28ی شوباتەوە هەڵگیرساوە.

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان لە راسلەفان بە ئاستێکی کەم دەستیان بە کار کردووەتەوە، بەڵام راپۆرتێکی بلومبێرگ دەریدەخات کە دەوحە هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ دۆخی ئاسایی هەڵپەساردووە، ئەم بڕیارە دوای هێرشێکی مانگی تەممووز بۆ سەر کەشتییەکی گواستنەوەی گازی قەتەری لە گەرووی هورمز هاتووە.

تارق یووسف، توێژەری باڵا لە ئەنجوومەنی کاروباری نێودەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فاینانشال تایمزی راگەیاندووە، ئەگەر قەیرانەکە تا چارەکی کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، قەتەر ناچار دەبێت بۆ ساڵی داهاتوو رێوشوێنی توندتر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان بگرێتە بەر.

سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان، قەبارەی گشتی ئەو بەخشینانە بە روونی دیار نییە، هەرچەندە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا و بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەو وڵاتە بڕی 1.5 ملیار دۆلاری بە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی بەخشیوە، کە بەهۆیەوە بووەتە یەکێک لە پێنج گەورەترین بەخشەر بۆ ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە.