بورهان خۆشناو لەرێگەی مەقامێکەوە بانگەوازی یەکڕیزی و خۆشەویستیی نیشتیمان دەکات
بورهان خۆشناو، هونەرمەندی کورد، مەقامێک لەسەر شێوازی بەیات بەناوی "پایز" بڵاودەکاتەوە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "من لەم بەرهەمەدا خەم و هەستی نیشتیمانەکەم دەخەمە نێو ئاواز و بە زمانی مۆسیقا پەیامی یەکڕیزی، خۆشەویستیی نیشتمان و هیوای بەیانییەکی باشتر دەگەیەنم."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، بورهان خۆشناو، هونەرمەندی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی به کوردستان24ی راگەیاند، "بەرهەمی 'پایز'، لە هۆنراوەی هەمزە گوڵانییە، لەلایەن ئاراس کۆیی کاری میوزیکەکەی بۆ کراوە و لە ستۆدیۆی خاڵە حەمرین تۆمار کراوە و توانا بە دەستڕەنگینیی خۆی ئەرکی تۆمارکردنی ئەم بەرهەمەی گرتووەتە ئەستۆ."
گوتیشی، "ئەو گۆرانییە دەنگدانەوەی هەست و ئازار و پرسیارێکە لە ناخی مرۆڤی کوردەوە. هەر وشە و نۆتەیەکی ئەم بەرهەمە هەوڵێکە بۆ گوزارشتکردن لە دۆخێک کە گەلەکەمان ساڵانێکی زۆرە تێیدا ژیاوە؛ دۆخێک تێیدا ئازار و بێئومێدی لەگەڵ هیوای بەردەوام بۆ ژیان و ئازادی تێکەڵ بوون."
بورهان خۆشناو باس لە گرنگیی هۆنراوەی بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت، "هەمزە گوڵانی شاعیر، لە نووسینی ئەم دەقەدا روانگە و هەستی تایبەتی خۆی هەبووە، بەڵام منیش وەک هونەرمەندێک ساڵانێکە لەم بوارەدا کار دەکەم، خۆم لەگەڵ هەست و پەیامی ئەم دەقەدا نزیک و هاوتەریب دەبینمەوە. بۆیە هەوڵم داوە ئەو هەستە بە زمانی مۆسیقا بگەیەنمە گوێی بینەر."
بورهان خۆشناو باسی لەوەش کرد، "من لە مەقامی بەیاتدا هەستی مەرگەسات، خەم و بێئومێدییەکانی گەلەکەم دەربڕیوە؛ بەڵام لە پشت ئەو خەمەدا هێشتا چرایەکی هیوامان هەیە. چونکە هونەر تەنیا بۆ گوزارشتکردن لە ئازار نییە، بەڵکو دەتوانێت ئازار بگۆڕێت بە دەنگ، دەنگ بگۆڕێت بە پەیام و پەیام بگۆڕێت بە هیوایەک بۆ بەیانییەکی باشتر."
دەربارەی ئەو پێشوازییەی لەلایەن گوێگرەکانییەوە لەم بەرهەمەی کرا، بورهان خۆشناو دەڵێت، "ئەم بەرهەمەم کە بڵاوکردەوە پێشوازییەکی زۆر گەرم و جوانی لێکرا. ئەو پەیام و کۆمێنت و پەیوەندییە خۆشەویستانەیەی لەلایەن هاوڕێ و گوێگرەکانمەوە گەیشتنە دەستم، بۆ من تەنیا دەستخۆشی نەبوون؛ بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی ئەوە بوون کاتێک هونەر لە ناخەوە بێت، دەتوانێت راستەوخۆ بگاتە ناخی خەڵک."
بورهان خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە، "باوەڕم وایە هونەرمەند دەبێت دەنگی سەردەم و هەستی گەلەکەی بێت؛ دەبێت لەگەڵ خەمی خەڵکەکەی بژی و لەگەڵ هیوایان هەناسە بدات. ئەم بەرهەمەش لە هەمان روانگەوە دروست بووە؛ بەڵام پەیامی من لە پشت ئەم بەرهەمەدا تەنیا خەم نییە، پەیامی یەکڕیزی، خۆشەویستیی نیشتمان و پاراستنی ناسنامە و بەهاکانی گەلەکەمانە."
گوتیشی، "ئێمە گەلێکین کە زۆر جار بەشداربووی مەرگەسات بووین، بەڵام هەرگیز نەمانهێشتووە مەرگەسات کۆتایی بە هیواکانمان بێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێک پێویستمانە، ئەوەیە لەگەڵ جیاوازییەکانمان، لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و چارەنووسی هاوبەشی خۆمان یەکدەنگ بین."
بورهان خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو بەرهەمە گەر بتوانێت هەستی یەک کەس بوروژێنێت، بیرێکی نیشتیمانی زیندوو بکاتەوە یان هیوایەک لە دڵێکدا دروست بکات، ئەوە بۆ من گەورەترین سەرکەوتنی ئەم بەرهەمەیە."
بورهان خۆشناو، هونەرمەندی کورد، خەڵکی شاری هەولێرە. لە ساڵی 1978 دەستی بە کاری ھونەری کردووە و جگە لە گۆرانییەکانی، لاوک و حەیران و مەقامیش دەڵێت و تا ئێستا زیاتر لە 100 بەرھەمی بڵاوکردووەتەوە.