دوای 7 هەفتە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەستیپێکردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا دەستی پێکردووەتەوە.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا راشیگەیاند، بڕی نەوتی هاوردەکراوی عێراق لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 6 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەمەش دوای حەوت هەفتەی یەک لەدوای یەک دێت کە ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتبووە سفر.

بەپێی ئەو داتایانەی وزەی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لە هەفتەی رابردوودا پلەی هەشتەمی لە ریزبەندی گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا گرتووە.

لە ریزبەندییەکەدا کەنەدا بە هەناردەکردنی 3.806 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە پلەی یەکەمدایە، هاوکات ڤێنێنزوێلا بە 730 هەزار بەرمیل، بەرازیل بە 336 هەزار بەرمیل، مەکسیک بە 295 هەزار بەرمیل، ئیکوادۆر بە 200 هەزار بەرمیل، لیبیا بە 26 هەزار بەرمیل، هەروەها سعوودیە بە 9 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەکانی دیکەی ریزبەندییەکەدان.

سەرەڕای ئەمەش، ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە هەردوو وڵاتی کۆڵۆمبیا و نێجیریا لە هەفتەی رابردوودا بە سفری ماوەتەوە.