روانگەی عێراقی سەوز: لە نزیکەی 500 سەرچاوە، ئاوی پیس دەڕژێتە ناو رووباری دیجلە

روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، نزیکەی 500 سەرچاوەی پیسبوون هەڕەشە لە رووباری دیجلە دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، ئاسایشی ئاو و خۆراکی وڵاتەکە دروست دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی روانگەی عێراقی سەوز کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، بڵاو کراوەتەوە، رووباری دیجلە بەهۆی پاشماوەی پیشەسازی، پزیشکی و ئاوی قورسی چارەسەرنەکراوەوە رووبەڕووی پێشێلکاریی بەردەوامی ژینگەیی بووەتەوە، روانگە جەختی کردەوە، ئێستا قەیرانی ئاو لە ئاستی کەمیی بەردانەوە گۆڕاوە بۆ هەڕەشەیەیرکی ژینگەیی و تێکدانی تەندروستیی مرۆیی.

روانگەی عێراقی سەوز ئاشکرای کرد، لە بەغدا 23 بۆریی گەورە هەن کە پاشماوەی پزیشکی و ئاوی ئاوەڕۆکان بەبێ هیچ جۆرە چارەسەرکردنێک راستەوخۆ دەڕێژنە نێو رووبارەکەوە، هاوکات رووباری دیالە بەهۆی رژانی بڕێکی زۆر لە ئاوی ئاوەڕۆ، پاشماوەی کیمیایی و وێستگەکانی رەسافە، بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی پیسبوون بەرەو دیجلە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەکان بوونی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکانیان، وەک "پۆلی کلۆرینەیتد بایفینێل" و "فاسالات"، لە ئاوەکەدا دەرخستووە، ئەو ماددانە بەهۆی ئەوەی لە رێگەی وێستگەکانی پاڵاوتنەوە چارەسەر ناکرێن، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و تێکچوونی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤیان زیاد کردووە.

پارێزگاکانی بەسرە، بەغدا، واست، میسان و زیقار زۆرترین کاریگەریی ئەو پیسبوونەیان لەسەرە؛ بەسرە ئاوێک وەردەگرێت کە بە پاشماوەی پارێزگاکانی باکوور پیس بووە و ڕێژەی سوێرییەکەی بەرزە، لە کاتێکدا بەغدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پیسبوونی هەڕەمەکییەوە ئاستەنگەکەی قووڵتر بووەتەوە.

لەبارەی واسیت و میسانەوە، ڕوانگەکە روونی کردەوە کە ئەو دوو پارێزگایە بەهۆی پیسبوونی ئاوی ڕووباری دیالە و بەغدا، هەروەھا پاشماوەی ئاوی کشتوکاڵی لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوەکە زیانیان بەرکەوتووە. بۆ زیقاریش، کێشەکە بریتییە لە خراپبوونی کوالێتیی ئاو و کۆبوونەوەی پیسبوونەکان لە ناوچەکانی زۆنگاو و تۆڕە لاوەکییەکانی خوارووی ڕووبارەکەدا.»