لە سلێمانی شانۆگەری 'دکتۆر' نمایش کرا
شانۆگەری "دکتۆر"، لە سیناریۆ و دەرهێنانی یاداشت یوسفە، باس لە ژانرێکی کۆمیدی دەکات، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی نمایش کرا.
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، یاداشت یوسف، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆگەری "دکتۆر"، لە نووسینی بران سلاڤ نوشیچە، من کاری سیناریۆ و دەرهێنانم بۆی کردووە، 9 ئەکتەر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لەگەڵ سێ ئەکتەر بەشدارن لە ژەنینی میوزیک بۆ نمایشەکە."
گوتیشی، "شانۆگەریی "دکتۆر" لە ژانری کۆمیدیای بارودۆخدایە؛ جۆرێک لە کۆمیدیا کە خەندە زۆرتر لە بارودۆخە نامۆ و پڕ لە هەڵە تێگەیشتنەکان، کەسایەتییە جیاوازەکان و رووداوە چاوەڕواننەکراوەکان دروست دەبێت. لەم جۆرە شانۆیەدا، دکتۆر و نەخۆش و دەوروبەرییەکەیان لە زنجیرەیەک رووداوی خەندەداردا دەکەون، بەڵام لە پشت ئەو خەندەیەدا پەیامێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی هەیە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە تایبەتمەندیی ئەو نمایشە دەکات و دەڵێت، "تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم نمایشە ئەوەیە تەنیا پشت بە گاڵتە و وشەی پێکەنیناوی نابەستێت، بەڵکو خۆی بارودۆخ و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان دەبنە سەرچاوەی خەندە؛ بۆیە ئەم شانۆگەرییە دەتوانێت لەگەڵ بینەران، بە شێوەیەکی نەرم و زیرەکانە رەخنە لە هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی و ژیانی رۆژانەش بگرێت."
شانۆگەری "دکتۆر"، لە نووسینی بران سلاڤ نوشیچە، یاداشت یوسف کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کردووە و 9 ئەکتەر رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن، رۆژی شەممە، 22ی ئابی 2026، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی نمایش کرا و ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت