تەرمی 12 کۆچبەری دیکە لە کەناراوەکانی تونس دۆزرایەوە
پاسەوانی نیشتمانیی تونس رایگەیاند، تیمەکانیان تەرمی 12 کۆچبەری نایاساییان لە دەریادا دۆزیوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تونس نقووم بوو. گەڕان بەدوای سێ کەسی دیکەش بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، پاسەوانی نێشتمانی تونس، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی هەینی بەلەمێکی کۆچبەران لە دووریی 14 میل لە کەناراوەکانی جەرجیس لە باشووری تونس نقووم بوو، ئەو بەلەمە 15 کۆچبەری هەڵگرتبوو، تەنیا یەکێکیان رزگارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی پاسەوانی نیشتمانیی تونس دا هاتووە، یەکشەممە سێ تەرم و ئەمڕۆ دووشەممە نۆ تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە، بەمەش ژمارەی گشتیی تەرمەکان گەیشتە 12 تەرم، ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕان بەدوای دوو کەسی دیکەدا بەردەوامن.
شەوی شەممە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی بن قەردان، کە دەکەوێتە سەر سنووری لیبیا، خۆپیشاندانیان کرد، چونکە 14 کەس لەو کۆچبەرانەی لە بەلەمەکەدا بوون و نقوم بوون خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون، خۆپیشاندەران بە داخستنی رێگا و سووتاندنی تایە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
تونس بەهۆی ئەوەی تەنیا 145 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامبیدۆسای ئیتاڵیاوە دوورە، بووەتە خاڵێکی سەرەکیی دەرچوونی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵ دەدەن بە بەزاندنی دەریای ناوەڕاست بگەنە ئەوروپا و لەو رێگەیەدا رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، دەریای ناوەڕاست مەترسیدارترین رێگەی کۆچکردنە لە جیهاندا. رێکخراوەکە سەرەتای ئەم مانگە بڵاویکردەوە، ئاماری قوربانییانی کۆچبەران لەو ناوچەیەدا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، زیاتر لە دوو هێندە زیاد بووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هەمان رێکخراو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 914 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون.
تونس ساڵی 2023 گرێبەستێکی بە بڕی 290 ملیۆن دۆلار لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا واژۆ کرد، کە نزیکەی نیوەی ئەو پارەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی تەرخان کراوە. ئەو گرێبەستە پاڵپشتیی حکوومەتی راستڕەوی توندڕەوی ئیتاڵیای بەدەستهێنا و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای تونسە بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی.