ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر زۆربوونی ئاستی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەشێوەیەکی فەرمی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و قۆناخ بە قۆناخ دەستیان بە ئامادەکردن و دەرهێنانی نەوتی خاو کردووەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا راگرتنی کاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بووە هۆی دروستبوونی گرفتی کەمیی بەنزین. هۆکاری ئەمەش پەیوەندیی بە شێوازی پێدانی مافە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە. حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە کارەکانیان، لە جیاتی پارە نەوتی خاو دەداتە ئەو کۆمپانیایانە.
دواتر کۆمپانیاکانی نەوت بەشێک لەو نەوتە خاوە دەفرۆشنەوە پاڵاوگە و بازرگانانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوێشەوە نەوتەکە دووبارە ئامادە دەکرێتەوە و دەکرێتە بەنزین. بەم شێوەیە دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیاکان دەبێتە هۆی دابینکردنی نەوتی خاوی زیاتر بۆ پاڵاوگە، لە ئەنجامدا ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاد دەکات و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا دەبێت.