عێراق پلانی هەناردەی نەوت دەگۆڕێت

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق
کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق نەخشەیەکی داناوە بۆ گەیاندنی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ ئەو گرفتانەی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە دروستبوون.

سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەت بەرنامەیەکی داڕشتووە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بە بەکارهێنانی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی نەوتی باشوور.

 هاوکات باسی لەوەش کرد، نەخشەکە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەرەکانی باشووریش دەگرێتەوە و ئێستا بڕی هەناردەکردن لەو بەندەرانەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت روونیشیکردەوە، رێککەوتنەکانی ئێستا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پێداویستییەکانی هەناردەکردن پڕدەکەنەوە و دەبنە جێگرەوەیەک بۆ ئەو کەمبوونەوەیەی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە هاتووەتە ئاراوە. 

ئەوەشی خستەروو، بەرنامەی داهاتووشیان بریتییە لە راکێشانی بۆریی نەوتی بەسرە بۆ حەدیسە و جەیهان لەگەڵ بۆریی حەدیسە بۆ بانیاس. 

روکابی ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوت هەوڵدەدات داهاتی گشتی زیاتر بکات لە رێگەی هەناردەکردنی زیاتری بەرهەمە نەوتییەکان و پشتیوانیکردنی گەنجینەی دەوڵەت.

لەم دواییانەدا بەهۆی ئاڵۆزییەکان و داخرانی گەرووی هورمز، عێراق رووبەڕووی گرفتی گەورە بووەتەوە لە هەناردەکردنی نەوتیدا بۆ بازاڕەکانی جیهان. 

بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش، بەغدا و ئەنقەرە لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2026 گەیشتنە رێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەی یەک ساڵ تاوەکو نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بە بڕی 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا رەوانە بکرێت.