دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی گومرگی بۆ 11 کۆمپانیا دەرکرد

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ئاسانکاری بۆ جووتیاران و بازرگانان، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەناردەکردنی گەنمی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی دەستەی وەبەرهێنان، واژۆی دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەکەی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە گەنمی جووتیارانی هەرێم هەناردەی دەرەوە دەکەن.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە بۆ ماوەی "یەک مانگ" کاری پێدەکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە لیستی ناوی ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە سوودمەند دەبن، رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی خاڵە سنوورییەکان دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی کارئاسانی تەواویان بۆ بکرێت و رێکارەکان بە خێرایی جێبەجێ بکرێن.

ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک نووسراو و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی وەبەرهێنان دێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی گەنمی جووتیاران و هاندانی کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.