لە هەولێر سروشتی کوردستان لە چوارچێوەی 28 تابلۆدا نمایش کرا

نەژاد کەوکەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆکانی خۆی، کە سەرجەمیان باس لە سرووشتی کوردستان دەکات، لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە.

دووشەممە، 24ی ئابی 2026، نەژاد کەوکەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەم پێشانگەیەدا 28 تابلۆی بە قەبارەی جیاوازم نمایش کردووە. هەموو ئەو کارانەی کە لەم پێشانگەیەدا پێشکەش کراون، بە شێوەیەک پەیوەندییان بە سروشتی جوانی کوردستانەوە هەیە. هەوڵم داوە لە رێگەی هونەرەوە بەشێک لە جوانی و دەوڵەمەندیی سروشتی کوردستان پیشانی بینەر بدەم."

گوتیشی، "بۆ دروستکردنی ئەم کۆمەڵە کارە، نزیکەی سێ مانگ بەردەوام خەریکی کارکردن بووم. لەم ماوەیەدا هەوڵم داوە هەر تابلۆیەک هەست و کەشێکی تایبەتی خۆی هەبێت و تەنیا وێنەکردنەوەی سروشت نەبێت، بەڵکو هەستی منیش بەرامبەر بەو سروشتە بگەیەنێت."

ئەو شێوەکارە باس لە شێوازی کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "کارەکانم لە نێوان ریالیزم، ئیمپرسیۆلیزم و ئێکسپرسیۆنیزمدا دەجوڵێن. ئەو شێوازانە هەر یەکەیان مێژوو و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بە تایبەتی ئیمپرسیۆلیزم کە لە ئەوروپا سەری هەڵدا و لە سەدەکانی رابردوودا بووە یەکێک لە رێڕەوە گرنگەکانی هونەری نوێ. تا ئێستاش هونەرمەندانی زۆر لە جیهاندا بە شێوازی ئیمپرسیۆلیزمی کار دەکەن."

کەوکەز جەختی لەوەش کردەوە، "لە کارەکانم دا، زۆرتر گرنگیم بە ئیمپرسیۆلیزم داوە؛ چونکە ئەم شێوازە رێگەم پێدەدات سروشت تەنیا بە شێوەیەکی واقیعی پیشان نەدەم، بەڵکو رووناکی، رەنگ، کەش و هەستی ئەو ساتەش بگوازمەوە بۆ سەر تابلۆکانم."

دەربارەی پەیامی دروستکردنی تابلۆکانی، نەژاد کەوکەز دەڵێت، "هەموو تابلۆکانم لەسەر سروشتی کوردستانن. کوردستان سروشتێکی زۆر دەوڵەمەند و جیاوازی هەیە؛ چیا، دەشت، دارستان، رووبار و دیمەنە جۆراوجۆرەکان. منیش هەوڵم داوە ئەم جوانییە بە زمانی خۆم و بە شێوازی ئیمپرسیۆلیزمی پیشان بدەم."

ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەش دا، "بۆ من، تابلۆ تەنیا ئەوە نییە کە شتێک وێنە بکەم؛ گرنگە بینەر کاتێک لەبەردەم تابلۆکەدا دەوەستێت، هەست بەو کەش و هەوایە بکات کە من لە کاتی دروستکردنی ئەو کارە هەستم پێکردووە."

کەوکەز باس لە ئامانجی کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "ئامانجم ئەوەیە لە رێگەی ئەم کارانەوە خۆشەویستی بۆ سروشتی کوردستان زیاتر بکەم و بینەر بەوە بیر بخەمەوە کە ئەم سروشتەی بەو هەموو جوانییەی دەیبینین، پێویستی بە پاراستن هەیە. بۆیە ئەم پێشانگەیە بۆ من تەنیا نمایشکردنی تابلۆ نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی جوانیی کوردستان بە رەنگ و هونەر بگوازمەوە بۆ بینەر."

ئەم پێشانگە شێوەکارییە، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی ئابی 2026، لە گەلەری میدیای هەولێر کرایەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

نەژاد کەوکەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، دانیشتووی شاری هەولێرە. کەوکەز چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە و تابلۆکانی گوزارشت لە ژیانی سروشتی و جوانی دەکەن.