یەحیا گوڵمحەمەدی بەهۆی هاندەرانی دهۆک شۆک بووە
یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری یانەی دهۆک پێش یاریی داهاتوویان بەرامبەر نەفت رایگەیاند یارییەکە قورسە، گوتیشی: بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی هاندەرانی دهۆک تووشی سەرسوڕمانی بوومە.
بڕیارە لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئێوارەی چوارشەممە لە کاتژمێر 06:30ـی ئێوارە دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا ببێتە میوانی یانەی نەفت.
یانەی نەفت لە دوایین دوو یاری دەستپێکی ئەم وەرزە سەرکەوتنێک و یەکسانبوونێکی هەیە، لە بەرامبەردا دهۆک هێشتا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە هەردوو یاری بەرامبەر یانەکانی غەراف و جەویە بەرامبەر بووە.
یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی نەفت رایگەیاند دەرفەتی زۆریان بۆ ئامادەکاری تاکتیکی نییە، دەشڵێت: ئێمە دوو یاریمان لە یاریگای خۆمان کردووە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە بردنەوە بەدەست بهێنین، سەرەڕای ئەوەش یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە، هەروەها بۆ یاری ئەمجارە دەرفەتی زۆرمان نییە بۆ ئامادەکاری و کاری تاکتیکی، تەنها ئەوە نەبێت هەندێک هەڵسەنگاندن و کارمان لەسەر تیپی بەرامبەر کردووە، دەشزانین ئەم یارییە یەکەم یارییە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان و نەفت تیپێکی زۆر باشە و بەدەستهێنانی خاڵ بەرامبەر ئەو یانەیە زۆر قورسە و پێشبینی یارییەکی قورس دەکەین.
یەحیا گوڵمحەمەدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سوپاسی هاندەرانی دهۆکی کرد و گوتی: خۆشحاڵین کە دەبینین هاندەرەکانمان بەم شێوەیە پێشوازیمان لێدەکەن و بێگومان ئەمجۆرە پێشوازییەش دەبێتە هۆی ئەوەی، وزەیەکی زیاتر بە یاریزانەکان بدرێت، ئامانجی سەرەکیمان بۆ یاری داهاتوو سەرەتا بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە و پێشکەش کردنی ئاستێکی باشە.