وەزیری دارایی پاکستان: پشتبەستن بە قەرزەکانی چین کەم دەکەینەوە و روو لە واشنتن دەکەین
پاکستان وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە سیاسەتی ئابووریی وڵاتەکەیدا، هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە ئەمریکا چڕ کردووەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی چەندین ساڵەی بە قەرزە حکوومەییەکانی چین و گەڕانەوە بۆ ناو بازاڕە جیهانییەکانی سەرمایە.
محەمەد ئۆرەنگزێب، وەزیری دارایی پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" رایگەیاندووە، ئیسلام ئاباد کار بۆ ئەوە دەکات گەرەنتی دارایی لە واشنتن بەدەستبهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتنی هێڵێکی ئاڵوگۆڕی دراو بە بڕی 10 ملیار دۆلار کە مانگی رابردوو پێشکەشی ئەمریکایان کردووە، ئامانج لێی ناردنی "پەیامێکی دڵنیاییە" بۆ وەبەرهێنەرە تایبەتەکان لە جیهاندا.
وەزیری دارایی پاکستان باسی لەوە کرد، حکوومەتەکەیان کە لەلایەن سوپاوە پاڵپشتی دەکرێت، دەیەوێت سوود لە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وەربگرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی قەرزکردنی نێودەوڵەتی. روونیشیکردەوە کە رۆڵێکی گرنگ بۆ بانکی "ExIm"ی ئەمریکی و دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (DFC) دەبینن بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەیاندا.
ئەم هەنگاوەی پاکستان لە کاتێکدایە کە چین گەورەترین قەرزدەری ئەو وڵاتەیە. بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی جیهانی، تا کۆتایی ساڵی 2024، چین خاوەنی 23%ی کۆی قەرزە دەرەکییەکانی پاکستان بووە کە بڕەکەی 129.7 ملیار دۆلارە. بەڵام ئۆرەنگزێب جەختی کردەوە کە ئێستا وڵاتەکەی بەدوای قەرزی نوێی چینیدا ناگەڕێت و دەیەوێت مۆدێلی ئابوورییەکەی لە "هاوکارییەوە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان" بگۆڕێت.
وەزیری دارایی پاکستان کە پێشتر بەرپرسێکی باڵا بووە لە بانکەکانی "Citibank" و "JPMorgan"، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسلام ئاباد لە ژێر چاودێری بەرنامەیەکی حەفت ملیار دۆلاریی سندوقی نێودەوڵەتی دراودا (IMF) توانیویەتی کورتهێنانی دارایی و هەڵئاوسان کەم بکاتەوە. راشیگەیاند کە پلان هەیە لەم ساڵە داراییەدا بە بڕی یەک بۆ دوو ملیار دۆلار "یۆرۆبۆند" بخەنە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییە کەسییەکانی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێگەی بۆ ئیسلام ئاباد خۆش کردووە تاوەکو زیاتر لە بازنەی هەژموونی بەیژینگ دوور بکەوێتەوە و بەرەو واشنتن هەنگاو بنێت.
پاکستان ئێستا کار لەگەڵ ئاژانسەکانی پۆلێنی کرێدت دەکات بۆ ئەوەی پلەی متمانەی دارایی وڵاتەکەی بەرز بکاتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ راکێشانی زیاتری وەبەرهێنەرانی بیانی و جێگیرکردنی سەقامگیریی ئابووری لە وڵاتەکەدا.