وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی'لەناوچوونی ئابووری' لە ئێران دەکات
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانی ئابووری دژی ئێران دەکات و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن، ئەم هەنگاوەش مەترسی دروستکردنی قەیرانێکی نوێی لەگەڵ چین و شۆکێکی گەورەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا هێناوەتە ئاراوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە ئەمریکا رۆژی دووشەممە بەڵێنی دا کە "هێرشێکی ئابووری بەرفراوان دژی پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهان" دەست پێ بکات. ئەم هەڕەشەیەی بێسێنت کە بە "رۆژی دوایی ئابووری" (Economic D-Day) ناوی برد، لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات لە رێگەی فشاری داراییەوە کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
وەزیری گەنجینە ئەمریکا دەیان سزای نوێی بەسەر چەندین کەسایەتی، کۆمپانیا و کەشتییەوانیدا سەپاند، بەڵام خاڵی هەرە سەرەکی هەڕەشەکانی، سەپاندنی "سزای دووەم" بوو بەسەر ئەو وڵاتانەی کە بەردەوامن لە بازرگانی لەگەڵ ئێران. ئەمەش راستەوخۆ وەک هۆشدارییەک بۆ چین لێکدەدرێتەوە، چونکە بەیژینگ کڕیاری نزیکەی 90%ی نەوتی ئێرانە.
چاودێران دەڵێن، ئەم هەنگاوەی واشنتن مەترسی پێکدادانی ئابووری لەگەڵ چین دروست دەکات، بەتایبەت کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببنەوە. کاتێک لەبارەی سزادانی چین پرسیاری لێکرا، بێسێنت رایگەیاند کە "هیچ کەسێک لە سەرووی سزاکانی ئەمریکاوە نییە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان "دیپلۆماسی بێدەنگ"یان لا پەسەندە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە، لین جیان، رایگەیاند کە سزاکان و گوشارەکان هیچ یارمەتییەکی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەن و تەنیا دەبنە هۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەمریکا بانکە چینییەکان بکاتە ئامانج، رەنگە بەیژینگ بە قەدەخەکردنی هەناردەی کانزا دەگمەنەکان و دەرمان بۆ ئەمریکا وەڵام بداتەوە، کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە ئابووری جیهان دەگەیەنێت.
بێسێنت دانی بە مەترسییەکانی ئەم هەنگاوەدا نا و رایگەیاند، واشنتن سەرەتا دەرفەت دەداتە وڵاتان و کۆمپانیاکان تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران ببڕن، گوتیشی: "بۆچی دەبێت بمانەوێت سیستەمی گەنجینە جیهان بتەقێنینەوە؟ تەنیا دەرفەت دەدەینە هەمووان بۆ چاککردنی هەڵسوکەوتە خراپەکانیان."
ئەم ستراتیژییە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری نەرێنییان لەسەر نرخی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز دروست کردووە. شارەزایانی وەک ڤالی نەسڕ پێیان وایە کە ئەمە تەنیا شەڕی ئێران نییە، بەڵکو فراوانکردنی ململانێی واشنتنە لەگەڵ ئەکتەرە جیهانییەکانی دیکەدا.