چەند ناوچەیەکی قەدەخەکراوی ژینگەیی لە پارێزگای هەولێر رادەگەیەندرێن
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رایگەیاند، ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لە هەولێر روو لە بەرزبوونەوەیە، هەروەها رێژەی راوکردنیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و چەندین جۆری ئاژەڵی کێوی زیادیان کردووە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی هاووڵاتییان بەرامبەر ژینگە بەرزبووەتەوە و لە چەند ساڵی دوایی دا تێڕوانینی خەڵک بەرامبەر بە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان گۆڕاوە، ئێستا لە جیاتی راوکردن و لەناوبردنیان بەخێویان دەکەن و هاوکارییان دەکەن، هاوکات لە وەرزی زستان و سەرمادا خواردنیان بۆ دابین دەکەن.
گوتیشی رێژەی راوکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و رێنماییەکانیش توندکراون بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران، هەروەها هێزەکانی ژینگەپارێزی و دارستان بەردەوام چاودێریی ژینگە و سرووشتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، چەند جۆرێک لە ئاژەڵ و باڵندە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا دەرکەوتوونەتەوە و زیادیان کردووە، بۆ نموونە ئاژەڵی مامز لە هەندێک ناوچەی وەک زورگەزراو و دەشتی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی پاراستنی ژینگە و رێکخستنی رێنماییەکانی راوکردن دراون، ئاشکراشی کرد، بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ناوچەی قەدەخەکراو هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو رادەگەیەندرێت، هەروەها چەند ناوچەیەکی قەدەخەکراویش وەک دەڤەری بارزان و باڵەکایەتی هەن و چەندین ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گوڵ و گژوگیای دەگمەن لەو سنوورانە هەیە.
یەکێک لە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاراستن و پارێزگاریکردن بوو لە ژینگە و سرووشتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا دەیان بڕیار و رێنمایی توند بۆ سەرپێچیکارانی ژینگە دەرکراو و چاودێرییەکان چڕکرانەوە.