توێژینەوەیەک: تیک تۆک ئارەزووی خواردن لای هەرزەکاران زیاد دەکات

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئارەزووی خواردنی هەرزەکاران هەیە.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری زانستیی "جورنال ئۆف نیوتریشن ئیدیوکەیشن ئاند بیهێڤیار" بڵاوکراوەتەوە، بینینی ڤیدیۆکان لەو تۆڕە هانی هەرزەکاران دەدات و ئارەزوویان بۆ تاقیکردنەوەی جۆرە نوێیەکانی خواردن دەجووڵێنێت.

ئەدرینا بێڵ، توێژەر لە زانکۆی مینیسۆتا لەبارەی ئەم دیاردەیەوە رایگەیاند، هەرزەکاران تیکتۆک وەک ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش دەبینن، چونکە ڤیدیۆکانی تایبەت بە خواردن بە خێرایی سەرنجیان رادەکێشن و پاڵیان دەنێت بۆ ئەوەی خواردنی نوێ تاقی بکەنەوە.

توێژینەوەکە لەسەر کۆمەڵێک بەشداربووی هەرزەکار لە تەمەنی 15 بۆ 16 ساڵی لە یەکێک لە قوتابخانە ئامادەیییەکانی ناوچەی رۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکا کراوە، بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە ئاشکرایان کرد، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ڤیدیۆی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی چێشتخانەکان، رێگەی ئامادەکردنی خواردن، ئامۆژگاری و رێکلامی ژەمەکان دەبینن. جەختیان لەوە کردەوە، ئەو ڤیدیۆیانە ئارەزوویان بۆ هەندێک جۆری خواردن دەجووڵێنێت.

سەبارەت بە کاریگەریی کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئینتەرنێت، بەشێک لە هەرزەکاران ئاماژەیان بەوە کرد، رەنگە ئارەزووی تاقیکردنەوەی خواردنێک بکەن ئەگەر ئەو کەسەی لە ئینتەرنێتەوە رێکلامی بۆ دەکات روخسارێکی گونجاوی هەبێت.

لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا، توێژینەوەکە پێشنیار دەکات دایک و باوکان هەرزەکاران لە مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە بپارێزن، ئەمەش لە رێگەی چاودێریکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی منداڵەکانیان دەیبینن و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو بابەتانە لەسەر رەفتاریان دەکرێت.

ماڵپەڕی "هێڵس دەی" تایبەت بە توێژینەوە پزیشکییەکان لە زاری بێڵەوە بڵاویکردەوە، دایک و باوکان رۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە رێگریکردن لە بینینی ڤیدیۆکانی تایبەت بە خواردن و کردنەوەی گفتوگۆی رەخنەیی لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر ئەو ناوەڕۆکانە.