رۆستەم ئاغالە: جارێکی دیکە تابلۆی خۆم نادەم بە هیچ کەسێک کە نرخی نەزانێت

رۆستەم ئاغالە، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە رێکەوت بە نێو بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانیدا تێدەپەڕی، تابلۆیەکی پێشووی خۆی بینییەوە، بێ دوودڵی و تەنیا بە سێ هەزار دینار کڕییەوە، لەکاتێکدا نرخی راستەقینەی ئەو بەرهەمە هونەرییە 1000 دۆلارە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "کاتێک تابلۆکەی خۆم بینی، زۆر دڵم خۆش بوو، سەرەتا وام زانی کۆپییە، بەڵام کە نزیک بوومەوە ناوی تەواوی خۆمی لەسەرە و پشتی تابلۆکەم بینی و شێوەی ئەو پەتەی هەڵی دەواسی، ئینجا زانیم ئەوە تابلۆی منە."

سێشەممە، 25ی ئابی 2026، رۆستەم ئاغالە، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو تابلۆیەم پێشتر لەلایەن خێزانەکەمەوە بە دیاری پێشکەشی هاوڕێیەکی خۆی کردبوو، بەڵام ئەو کەسە بەهۆی نەزانینی بەهای هونەرییەکەی، تابلۆکەی فڕێداوە و دواتر بە شێوەیەکی سەیر لە مەزاندخانەکەدا دۆزیمەوە و بە سێ هەزار دینار کڕیم."

گوتیشی، "بەڕاستی کاتێک تابلۆکەی خۆم بینی، زۆر دڵم خۆش بوو.  یەکەمجار چاوم بە تابلۆکەم کەوت، وام زانی کۆپییەکی تابلۆکەمە؛ چونکە زۆرجار کۆپی تابلۆکانم بینیوە و هەندێک کەس بەرهەمەکانم کۆپی دەکەن، بەڵام کاتێک نزیکتر بوومەوە، ناوی تەواوی خۆم لەسەر تابلۆکە و نیشانەکانی پشتی تابلۆکەم بینیوە و دڵنیابووەوە کە بەرهەمی خۆیەتی."

رۆستەم ئاغالە باس لەو تابلۆیە دەکات کە لەلایەن ئەو کەسەوە فڕێدرابوو و دەڵێت، "ئەم تابلۆیەم لەو کەسە نەدزراوە، بەڵکو بەهۆی نەزانینی بەهاکەی، فڕێدراوە، چونکە ئەگەر تابلۆکە دزرا بووایە، بە نرخی زۆر زیاتر لە سێ هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام من بە رێکەوت لە شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلە کۆن و بەکارهاتووەکاندا دۆزیمەوە و خۆم کڕیمەوە."

ئاغالە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم رووداوە بۆ من تەنیا مەبەست لێی دۆزینەوەی تابلۆیەکی کۆنی خۆم نییە، بەڵکو من بە کێشەیەکی هونەری دەزانم؛ کاتێک بەرهەمێکی هونەری بە دیاری پێشکەش دەکرێت، بەڵام ئەو کەسە نازانێت ئەو بەرهەمە چ بەهایەکی مێژوویی و هونەری هەیە."

دەربارەی ئەوەی ئەو هونەرمەندانەی بەمشێوەیە تابلۆکانیان دەدۆزرێتەوە، رۆستەم ئاغالە دەڵێت، "ئەم جۆرە رووداوانە لە مێژووی هونەردا بێ‌ پێشینە نین و هەندێک جار بەرهەمەکانی هونەرمەندان، تەنانەت دوای ساڵانێکی زۆر لە مردنیان، دووبارە دەدۆزرێنەوە و بەهای راستەقینەیان دەردەکەوێت. لە هەمان کاتدا، هەندێک کەس بەهۆی نەزانینی نرخ و بەهای ئەو شتەی کە پێیان دراوە، بە ئاسانی دەستی لێ هەڵدەگرن."

رۆستەم ئاغالە ئاماژەی بەوەش دا، "هەرگیز جارێکی دیکە تابلۆی خۆم بەو جۆرە کەسانە نادەم. نامەوێ هەرگیز دڵگرانی یان کێشەیەک دروست بێت. من بە دیاری ئەو تابلۆیەی خۆم پێشکەش کردبوو؛ چ بە دیاری بێت یان پێی بفرۆشم، لای من هەر یەک شتە. گرنگ ئەوەیە ئێستا من تابلۆکەم بە رێکەوت بینیوە و خۆشم کڕیومەتەوە، نەک لە دەستی کەسێکی دیکەوە بیکڕم."

چیرۆکی تابلۆکەی رۆستەم ئاغالە تەنیا چیرۆکی بەرهەمێکی هونەری نییە کە بە سێ هەزار دینار تابلۆکەی گەڕاندووەتەوە بۆلای خۆی؛ بەڵکو بیرخستنەوەیەکە بۆ ئەوەی بەهای هونەر هەمیشە بە نرخی بازاڕ دیاری ناکرێت، بەڵکو زۆرجار بە نرخی  ئەو کەسەوە دیاری دەکرێت کە دەزانێت لەبەر چی ئەو بەرهەمە هەیە و رەنگە جوانترین بەشی ئەم رووداوە ئەوە بێت کە هونەرمەندێک، دوای ساڵانێک، بە رێکەوت لە بازاڕێکی کەلوپەلی بەکارهاتوودا بەرهەمەکەی خۆی دەبینێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ لای خۆی.

رۆستەم ئاغالە، لە ساڵی 1969 لەدایکبووە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەشی شێوەکاری لە سلێمانی تەواو کردووە. چەندین پێشانگەی تایبەتیی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان کردۆتەوە و 35 ساڵە بەردەوامە لەکاری هونەری شێوەکاری.