ئەکسیۆس: لەم کاتەدا ئەمریکا بە نیازی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە چەندین دۆستی بیانی خۆی راگەیاندووە، واشنتن ئێستا بە نیازی دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی نوێ نییە بۆ سەر ئێران، و جەختی کردووەتەوە، سەرنجی سەرەکیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و سەپاندنی سزای دارایی قورستر دەبێت بەسەر تاراندا.
چوارشەممە 26ی ئابی 2026، پێگەی هەواڵیی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی هاوپەیمان، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریکای لە بەرامبەر تاران خستووەتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، واشنتن پێیوایە گەمارۆ دەریاییەکانی بە تەواوی ئابووریی ئێرانی خنکاندووە، بۆیە بڕیاری داوە تاوەکو دوای هەڵبژاردنە نیوەخول لە هێرشی سەربازیی راستەوخۆ دوور بکەوێتەوە، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە تاران خۆی دەستپێشخەری لە هێرشکردندا بکات.
بەرپرسانی ئەمریکا پاککردنەوەی بەشێکی زۆری گەرووی هورمز لە مین لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەکەیان و هاتوچۆی بەردەوامی تانکەرە نەوتییەکان بە رێڕەوی باشووردا وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە قەیرانەکەدا دەبینن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لەو بارەیەوە بە پێگەکەی گوتووە: ئێرانییەکان کۆنترۆڵی گەرووەکەیان لەدەستداوە و ئێستا گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، بە جۆرێک کە رێژەیەکی بەرچاو لە نەوتی کەنداو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت و ئەمەش گەورەترین کارتی گوشاری ئێرانی لە دانوستانەکاندا بێکاریگەر کردووە.
لە رووی کاریگەرییە ئابوورییەکانەوە، راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا داهاتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو وشک کردووە، بە جۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هیچ تانکەرێکی نەوت لە دوورگەی خارگ، کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، نەبینراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند، ئابووریی ئێران لە داڕمانی بەردەوامدایە و توانای سەربازیی ئەو رژێمەش زیانی گەورەی بەرکەوتووە، هەربۆیە واشنتن بەردەوام دەبێت لە بڕینی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی تاران.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. سەرەڕای ئەوەی کۆشکی سپی رەتیکردووەتەوە هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە ئارادا بێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ستراتیژیی ئێستایان بریتییە لە گوشارخستنە سەر ئێران تاوەکو ناچار بێت بە مەرجەکانی واشنتن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئەکسیۆس، بڕیارە رۆژی چوارشەممە هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی باڵای کۆشکی سپی بۆ کاروباری دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، سەردانی بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بکەن بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پلانە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.