عێراق و چین لە نێوان بەرداشی سزاکانی ئەمریکا و فشارەکانی ئێران

چین و عێراق لەناو جەرگەی سزاکانی ئەمریکان

لەگەڵ توندبوونی فشارە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دیمەنی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە لە چوارچێوەی ململانێی واشنتن و تاران تێپەڕیوە و چین و عێراقیش وەک دوو جەمسەری سەرەکی لەم کێشمەکێشەدا دەرکەوتوون.

موهەند عەزاوی، شارەزای کاروباری سیاسی و سەربازی، ستراتیژی ئەمریکا لە سێ قۆناخدا دەبینێت.

عەزاوی رایگەیاند، واشنتن پەیڕەوی لە ستراتیژێک دەکات کە لە گەمارۆدان دەست پێدەکات، پاشان لاوازکردن و شەکەتکردن، لە کۆتاییشدا ئەگەر تاران نەچێتە ژێر باری داواکارییەکان، بژاردەی سەربازی دێتە پێشەوە. بە بڕوای عەزاوی، ململانێکان ئێستا لە قۆناخی پێش دەستپێکی کردەوەی سەربازیدان.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی سزاکانی راگەیاندووە کە تۆڕە داراییەکان، کەرتی نەوت، زێڕ، گواستنەوە و دراوە دیجیتاڵییەکانی ئێران دەگرێتەوە.

عەزاوی لەبارەی رۆڵی بەیژینگ دەڵێت، گەمارۆکانی ئێستا جیاوازن لەو گەمارۆیانەی ساڵی 1991 خرابوونە سەر عێراق، چونکە ئێران پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ چین، رووسیا و هیندستان هەیە. چین وەک کڕیارێکی سەرەکی وزەی ئێران دەردەکەوێت، بەڵام بەیژینگ بە وریایی مامەڵە دەکات تا بەرژەوەندییە گەورەکانی لەگەڵ ئەمریکا نەکەوێتە مەترسییەوە. بوونی بازاڕی سێبەر و کۆمپانیا نێوەندگیرەکان، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بازرگانییەکانی ئێرانی بۆ واشنتن ئاڵۆز کردووە.

عێراق خاڵی هەرە گرنگی ئەم هاوکێشەیەیە. جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێران بۆ بەغدا، لەوانە سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، پەیامێکی راستەوخۆ بۆ واشنتنە کە عێراق وەک هاوپەیمانی تاران دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا بە بڵاوەپێکردنی زیاتر لە 100 هەزار سەرباز لە ناوچەکە و بنکە سەربازییەکانی لە دەوروبەری عێراق و دەریاکان، ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان کردووە.

ئێران لە رووی ناوخۆییەوە بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، دابەزینی بەهای تمەن و بێکارییەوە گرفتارم. عەزاوی روونیکردەوە، ململانێی دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و سوپای پاسداران، بڕیاردانی سیاسی ئاڵۆز کردووە.

لە کۆتاییدا، دوو رێگە لەبەردەم تاراندا ماوە: یان قبووڵکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، یان رووبەڕووبوونەوەی تەقینەوەی ناوخۆیی و ئەگەری هێرشی سەربازی، لە کاتێکدا واشنتن لە رووی ئابووری و سەربازییەوە دەستپێشخەرییەکەی بەدەستەوەیە.