20 نەوتهەڵگری ئێران لە کەناراوەکانی سریلانکا گیریان خواردووە
نزیکەی 20 نەوتهەڵگری ئێرانی لە کەناراوەکانی وڵاتی سریلانکا کۆبوونەتەوە، دوای ئەوەی گەمارۆیەکی دەریایی توندی ئەمریکا رێگەی گەڕانەوەی بۆ بەندەرەکانی ئێران لێ گرتوون. ئەم دیمەنە قەبارەی ئەو ئیفلیجییە دەردەخات کە تووشی هەناردەی نەوت و کەشتیگەلی دەریایی تاران بووە.
داتاکان ئاشکرایان کردووە، 13 نەوتهەڵگر کە ئاڵای ئێرانیان لەسەرە، لە نزیک سنوورە دەرەکییەکانی ئاوی سریلانکا جێگیر بوون، لەگەڵ چەند نەوتهەڵگرێکی دیکەی سەر بە "کەشتیگەلی سێبەر" کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکاریان دەهێنێت.
سەمیر مەدەنی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای "TankerTrackers" بۆ زانیارییە دەریاییەکان رایگەیاند، کەشتیگەلێک کە نزیکەی 20 نەوتهەڵگری ئێرانی لەخۆدەگرێت و هەموویان بەتاڵن، ناوچەی ئابووریی سریلانکایان وەک پەناگە هەڵبژاردووە. ئاستی رۆچوونی کەشتییەکان دەریدەخەن کە نەوتیان بار نەکردووە، ئەمەش رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران تاوەکو باری نوێ باربکەن، پێش ئەوەی گەمارۆکەی ئەمریکا رێگرییان لێ بکات.
ئەم نەوتهەڵگرانە لە دووریی هەزاران کیلۆمەتر لە بەندەرەکانی خۆیانەوە گیریان خواردووە و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە سنووری ئاوی ئێران دەپارێزن، لە ترسی ئەوەی دەستبەسەر بکرێن یان بکرێنە ئامانج. کەشتییەکان لە هێڵی جیاکەرەوەی سنوورە ئاوییەکانی سریلانکا وەستاون، کە 12 میلی دەریایی لە کەناراوەکانەوە دوورە، چونکە هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن لە ناو ئاوی وڵاتێکی بێلایەن هێرشیان بکەنە سەر، مەگەر لە بارودۆخی زۆر تایبەتدا نەبێت.
فەرماندەیی ناوەندی رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمی گەمارۆکەدا رێڕەوی زیاتر لە 140 کەشتی گۆڕدراوە و 9 کەشتیش پەکخراون، لە بەرامبەردا رێگە بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 کەشتی دراوە کە هاوکاریی مرۆییان گواستووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"، لەو کاتەوەی گەمارۆکە دەستیپێکردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 71 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و رێگرییان لە سێ کەشتی کردووە. داتاکانی سەکۆی "کێپلەر"یش نیشانی دەدەن کە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە هیچ نەوتهەڵگرێک لە دوورگەی "خارگ"ەوە بەرەو دەرەوەی کەنداو نەرۆیشتووە. لە بەرامبەردا، کەشتییە بەتاڵەکان لە نزیک سریلانکا و پاکستان کەڵەکە بوون.
ئەم دۆخە دەریدەخات کە رووبەڕووبوونەوەی ئێران تەنیا لە گەرووی هورمز و کەنداو قەتیس نەماوە، بەڵکو گەمارۆکان بۆ ناو زەریای هیندی درێژبوونەتەوە و کەشتییە ئێرانییەکان لە ئامرازێک بۆ هەناردەکردنی نەوتەوە، بوونەتە ئامانجی راوەدوونراو کە بەدوای ئاوێکی ئارامدا دەگەڕێن.