ئەمریکا و بەحرەین پرسی ئۆپەراسیۆنی ئابووری دژی ئێرانیان تاوتوێ کرد

وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی بەحرەین تاوتوێی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئابووریی دژ بە تارانی کرد، و جەختی کردەوە کە رێگە نادرێت ئێران بازرگانیی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە یان گەرووی هورمز وەک کارتی گوشار دژی ئابووریی جیهان بەکاربهێنێت.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە لەگەڵ شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووریی بەحرەین گفتوگۆی لەبارەی هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنی (Economic Outcast) کردووە بە مەبەستی چڕکردنەوەی گەمارۆ داراییەکان لەسەر ئێران.

بەگوێرەی راگەیەنەدراوەکە، هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان واشنتن، مەنامە، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی نایاسایی و بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری.

ئاماژەشی داوە، لە میانی گفتوگۆکەدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی گوشارە داراییەکان بۆ سەر ئەو سەرچاوە ئابوورییانە کردەوە کە تاران بەپێوە دەهێڵنەوە، هاوکات هۆشداریی دا کە واشنتن لێپرسینەوە لە تەواوی ئەو لایەن و لایەنگرانە دەکات کە ئاسانکاریی دارایی بۆ ئێران دەکەن. بێسێنت هەروەها پێشوازیی لە هاوبەشیی بەردەوامی بەحرەین و پابەندبوونی ئەو وڵاتە کرد بە پاراستنی سەلامەتیی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە، سکۆت بێسێنت پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و هەماهەنگییەکانی وەزیری دارایی بەحرەین لەم ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەدا دەربڕی و دووپاتیکردەوە: لە پاڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیک بۆ بەرگریکردن لە سەقامگیریی سیستەمی دارایی جیهان و ئیفلیجکردنی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن ئێرانەوە دروست دەکرێن.

رۆژی دووشەممە. بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە دەستپێکردنی گەورەترین و توندترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران راگەیاندبوو. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سزای گشتگیر بەسەر پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووری و نزیکەی 60 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتیی کەشتیگەلی سێبەری نەوت، تۆڕەکانی کڕینی تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، مووشەک و گرووپە هاککەرەکاندا سەپێنرا.