ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەستپێشخەریی جیهانیی 'ئەتڵەس'ـی لە واشنتن راگەیاند
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) بە میوانداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێشخەرییەکی جیهانیی بە ناوی «ئەتڵەس - ATLAS» راگەیاند، بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاشتییانە و پارێزراوی وزەی ئەتۆمی لە کەشتیوانیی مەدەنی و دروستکردنی وێستگەی کارەبای ئەتۆمیی سەرئاوکەوتوو.
لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی دوو رۆژەدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بە بەشداریی نزیکەی 600 نوێنەر لە زیاتر لە 50 وڵات و سەرکردەکانی کەرتی دەریایی و پیشەسازیی ئەتۆم، دەستپێشخەریی (ATLAS) راگەیەندرا. لە میانی مەراسیمەکەدا، 25 وڵاتی جیهان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پابەندبوونی خۆیان بەم پرۆژەیە دووپات کردەوە و بە هەنگاوی یەکەم بۆ شۆڕشێکی نوێ لە پیشەسازیی ئەتۆمیی دەریایی مەدەنی لەقەڵەمیان دا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، گواستنەوەی دەریایی 80%ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێکدەهێنێت، و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کارلێکەرە بچووکە مۆدیۆلارییەکان (SMR)، رێگە بە کەشتییە گەورە بارهەڵگرەکان، تانکەرەکانی نەوت و کەشتییە گەشتیارییەکان دەدات بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ پێویستی بە سووتەمەنی کار بکەن؛ هاوکات پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵانی 2030ەوە ئەم تەکنۆلۆژیایە بکەوێتە گەڕ بۆ دابینکردنی کارەبا، گەرمی و شیرینکردنی ئاو بۆ ناوچە کەناراوی و دوورەدەستەکان.
لە میانی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکەدا، رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستپێشخەرییە وەرچەرخانێکە بۆ داڕشتنی داهاتووی هەردوو کەرتی وزە و کەشتیوانی بە شێوازێکی تەواو سەلامەت.
هاوکات کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پڕۆژەی ئەتڵەس وزەی ئەتۆمیی دەریایی دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی بازرگانی و لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگونجێت بۆ گێڕانەوەی پێشەنگایەتیی ئەمریکا لە کەرتی ئەتۆمدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆملە رێگەی شەش گرووپی پسپۆڕەوە دەست بە داڕشتنی رێکارە یاسایی، ئەمنی و سەلامەتییەکان دەکات؛ هەروەها لە رۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا، بەشداربووان سەردانی بەندەری بالتیمۆر دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی کەشتیی مێژوویی (NS Savannah) کە یەکەمین کەشتیی بازرگانیی ئەتۆمیی جیهانە و لە ساڵی 1962 دروستکراوە، تاوەکو لەو ئەزموونەوە رێساکانی بەکارهێنانی نەوەی نوێی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە دەریاکاندا دابڕێژنەوە.