ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر رۆزڤێڵت رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە، سوپای ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "تیۆدۆر رۆزڤێڵت" رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکان، کەشتیوانەکان بۆ ئەرکێکی سەختی زیاتر لە حەوت مانگ ئامادە کراون.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگەی دەریایی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر رۆزڤێڵت و کەشتییە یاوەرییەکانی و باڵی 11ی فڕۆکەوانیی سەر کەشتییەکە، بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا لە سان دیێگۆوە بەرەو ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێبکەون. ئەم گرووپە جێگەی کەشتیی "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن" دەگرێتەوە کە لە ئێستادا لە ناوچەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکادایە.

لە دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی "توڕەیی داستانئاسا" لە 28ی شوباتی رابردووەوە، واشنتن بوونی فڕۆکەهەڵگرەکانی لە دەریای عەرەب پاراستووە. هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و گەمارۆی دەریاییان بەسەر تاراندا سەپاندووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ماوەی ئەرکی فڕۆکەهەڵگرەکان لە ئاستی ئاسایی زیاتر بێت و تێکڕای ئەرکەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 6 مانگ، بەتایبەت دوای رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەم و پەرەسەندنی گرژییە هەرێمییەکان.

ئەدمیراڵ دێریل کۆدڵ، سەرۆکی ئۆپراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ڤیرجینیا رایگەیاند، هێزی دەریایی لە ململانێیەکی بەردەوامدایە و ئەمەش گوشارێکی زۆری بۆ سەر هێزەکان دروست کردووە. کۆدڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان کار دەکەن بۆ باشترکردنی پێشبینییەکان سەبارەت بە ماوەی مانەوەی فڕۆکەهەڵگرەکان لە ناوچەی ململانێدا بۆ ئەوەی بە وردییەکی زیاتر رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.

مێژووی هێزی دەریایی ئەمریکا ئەرکی درێژخایەنی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە؛ کەشتیی "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" لە مانگی ئایاردا دوای ئەرکێکی 326 رۆژی گەڕایەوە، کە درێژترین ماوە بووە لە دوای جەنگی ساردەوە. هەروەها کەشتیی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" لە ئێستادا لە ئەرکدایە و پێشبینی دەکرێت ماوەی ئەرکەکەی 300 رۆژ تێپەڕێنێت، کە نزیکەی 8 مانگ و نیوی بەبێ سەرردانکردنی هیچ بەندەرێک بەسەر بردووە.