موراد قەرەیڵان: خەباتی چەکداری دەگۆڕین بۆ سیاسی

موراد قەرەیڵان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (پەکەکە) رایگەیاند، لە ساڵی 1976 تاوەکو 2026 نزیکەی 27 هەزار ئەندامی پەکەکە رێکخراوەکەیان لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

موراد قەرەیڵان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای پەکەکە رایگەیاند، بەپێی تۆمارە فەرمییەکان 25 هەزار و 922 ئەندامی پەکەکە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە هەژمارکردنی ئەوانەی لە تۆمارەکاندا نەنووسراون، ژمارەکە دەگاتە نزیکەی 27 هەزار کەس.

موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ناسنامەی 230 ئەندامیان ئاشکرا کرد کە خەڵکی سنووری ئامەد، وان، گەڤەر، جزیڕە و مێردین بوون، لە رۆژانی داهاتوودا ناسنامەی 520 ئەندامی دیکەی خەڵکی باکووری کوردستان بڵاودەکەنەوە کە لە کاتی خۆیدا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە نەپەرژابوونە سەر ئاشکراکردنیان.

 گوتیشی: لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنداممان گیانیان لەدەستداوە و لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەوڵ دەدەین ناسنامەی تەواوی شەهیدانمان بڵاوبکەینەوە.

دەربارەی گۆڕانکاری لە ستراتیژی خەباتی رێکخراوەکەیان و پرۆسەی نوێی ئاشتی، قەرەیڵان جەختی کردەوە "لە قۆناغی شەڕی چەکدارییەوە دەپەڕینەوە بۆ قۆناغی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئێمە دەستبەرداری ستراتیژی شەڕی چەکداری بووین، بەڵام دەستبەرداری خەبات نەبووین." 

روونیشی کردەوە کە قۆناخ داهاتوو بریتی دەبێت لە گەشەپێدانی سادەی سیاسەتی دیموکراتی و رێکخستنی کۆمەڵایەتی.