بۆچی پیاوان لە دابەزاندنی کێشدا سەرکەوتوو نابن؟

توێژینەوەیەک: پیاوان رێجیمی خۆراکی بە بابەتێکی تایبەت بە "ژنان" سەیر دەکەن

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئەنجلیا روسکینی بەریتانی ئاشکرای دەکات، کە هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتنی پیاوان لە دابەزاندنی کێشدا بۆ تێڕوانینی دەروونیی ئەوان دەگەڕێتەوە؛ بەو پێیەی ڕێجیمی خۆراکی بە بابەتێکی تایبەت بە ژنان و بەستراوەتەوە، ئەمەش وایان لێدەکات کەمتر ئارەزووی بەشداریکردن لە بەرنامەکانی دابەزاندنی کێشدا بکەن.

توێژەرانی زانکۆی روسکینی بەریتانیا، لە نوێترین توێژینەوەیاندا هۆکاری ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بۆچی زۆرینەی پیاوان لە دابەزاندنی کێشیان سەرکەوتوو نابن.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا بڵاوی کردەوە، لە توێژینەوەکەدا رای 24 پیاوی سەروو تەمەن 30 ساڵان وەرگیراوە، ئەویش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی ئەوان لەگەڵ بەرنامەکانی دابەزاندنی کێش و ئەو فاکتەرانەی کاریگەری لەسەر پابەندبوونیان دادەنێن،.

بە پێی رۆژنامەکە، دەرئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە پیاوان زۆرجار سەیری رێجیمی خۆراکی وەک چەمکێکی "مێینە" دەکەن، هەروەها وەک ئەزموونێکی نەرێنی وەسفی دەکەن کە بەستراوەتەوە بە سنووردارکردنی خۆراک و شکستخواردن لە پاراستنی کێشی گونجاو لەسەر مەودای درێژخایەن.

توێژەران روونیان کردووەتەوە، کە بەشێک لە بەشداربووان جۆرێک لە یاخیبوون نیشان دەدەن کاتێک داوایان لێدەکرێت دەستبەرداری ئەو خۆراک یان شێوازی ژیانە ببن کە چێژی لێدەبینن.

توێژینەوەکە ئەوە سەلماندووە کە، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی وشەی "رێجیم" لەو بەرنامانەی بۆ پیاوان تەرخان دەکرێن، و گۆڕینی بەو چەمکانەی کە جەخت لەسەر باشترکردنی شێوازی ژیان و بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا دەکەنەوە، دەکرێت هاندەرێکی باش بێت بۆ بەشداریکردن و بەردەوامبوونیان.

هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە پشتگیریی هاوسەران یان هاوبەشانی ژیان رۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی پیاواندا دەگێڕێت، بەو پێیەی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە هاوسەرەکانیان یارمەتیدەریان بوون لە هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست و کەمکردنەوەی خواردنی ناتەندروست.

زانایان چەند هۆکارێکی دیکەیان دەستنیشان کردووە کە دەبنە رێگر لە بەردەم دابەزاندنی کێشی پیاواندا، لەوانە: لاوازیی زانیاریی خۆراکی، نەزانینی رێژەی کالۆرییەکان، فشاری کار، کاتژمێری درێژی کارکردن، لەگەڵ بوونی بیروباوەڕێکی پێشوەختە لای هەندێکیان کە هەوڵەکانیان لە کۆتاییدا بە شکست کۆتایی دێن. لە بەرامبەردا، توێژینەوەکە دەریخستووە کە هاندەری سەرەکی لای زۆربەی پیاوان بۆ کێش دابەزاندن پەیوەستە بە شێوازی دەرکەوتنی جەستە، سەرەڕای مەترسی و ترسە تەندروستییەکان، وەک ترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

توێژەران پێشنیاری دیزاینکردنی بەرنامەی تایبەت بە پیاوان دەکەن کە پشت بە سادەیی، بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا لە قۆناخی سەرەتاییدا و، کێبڕکێی کۆمەڵایەتی ببەستێت؛ هاوکات لەگەڵ بەشداریکردنی هاوسەران یان دابینکردنی رێنماییکارێک کە بتوانێت پشتگیرییان بکات لە پرۆسەی گۆڕینی خووە خۆراکییە ناتەندروستەکانیاندا.