شارەوانی کەسنەزان سوودمەندانی زەوی ئاگادار دەکاتەوە

شارەوانی کەسنەزان داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناوییان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە سەردانیان بکەن.

سەرۆکایەتی شارەوانی کەسنەزان لیستی ناوی سوودمەندانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکات لە ماوەی ئەو هەفتەیە سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی وردبینی بۆ زەوییەکانیان بکەن. 

سەرۆکایەتی شارەوانی کەسنەزان ئیاماژەی بەوەش داوە، تاوەکو ئێستا قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری کەسنەزان تەواوکراوە و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی لەو سنوورە دەکرێت. 

تاوەکو ئێستا سەدان فەرمانبەر و خانەنشین لە سنووری شارەوانی کەسنەزان لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و دڵنیاییش دەدەرێت تا یەک فەرمانبەر مابێت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت.

رۆژی 4ـی تەمموزی 2026 سەرۆکایەتی شارەوانی کەسنەزان داوای لەو فەرمانبەرانە کرد کە ناوییان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕابووەوە سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی تاپۆکردنی زەوییەکانیان بۆ تەواو بکەن، بڕیاریشە پڕۆسەکە خێراتر بکرێت و تا پێش سەری ساڵ چەند قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستپپێبکات.

رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش دا، لە حەفت قۆناخی رابردوودا 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە، لە قۆناخی 8مدا کە هەر رۆژی 20ـی تەمووز بەرێوەچوو، 13 هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی دابەش کرا، بەمەش کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا لە سنووری شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون، گەیشتووەتە 55 هەزار فەرمانبەر.

ساسان عەونی وردەکاری زیاتری خستەڕوو و گوتی "کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەرن، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا 27 هەزار فەرمانبەرە کە لە قۆناخەکانی ئاییندەدا و لە ماوەیەکی نزیکدا زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت."

هاوکات وەزیری شارەوانی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی و گوتی "ئەمە کارێکی زۆر گونجاو و باش بوو بۆ خزمەتی فەرمانبەران و حکوومەت لەم کارانە بەردەوام دەبێت."