لە یەک مانگدا، عێراق بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار کاڵای لە تورکیا هاوردەکردووە

پەیمانگای ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، عێراق لە مانگی تەممووزدا بە بەهای 1.113 ملیار دۆلار لە پلەی چوارەمی لیستی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکیا دێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30 ئابی 2026، بەپێی ئەو داتایانەی لە پەیمانگاکە بڵاوکراوەتەوە، ئەڵمانیا بە هاوردەکردنی بەهای 2.042 ملیار دۆلار لە پێشەنگی لیستەکەدایە، لە دوای ئەویش ئەمریکا بە 1.683 ملیار دۆلار و بەریتانیا بە 1.349 ملیار دۆلار دێن، عێراق لە پلەی چوارەم و ئیتاڵیاش بە 1.110 ملیار دۆلار لە پلەی پێنجەمدا جێگیر بوون.

لە تەممووزدا پشکی ئەو پێنج وڵاتە لە کۆی هەناردەی تورکیا نزیکەی 28.5%ـی بووە، کۆی هەناردەی تورکیا لەو مانگەدا گەیشتووەتە 25.623 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پار 2.9% زیادی کردووە.

هەناردەکردن بۆ عێراق پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی کۆی بازرگانی دەرەکی تورکیا، بە جۆرێک هاوردەکردن لە تەممووزدا گەیشتووەتە 32.966 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 5.1% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە. هاوکات کورتهێنانی بازرگانیش گەیشتووەتە 7.343 ملیار دۆلار، بە بەرزبوونەوەی 13.6%.

داتاکان دەریدەخەن، هەناردەی تورکیا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 3.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 161.539 ملیار دۆلار، هەروەها هاوردەکردنیشی گەیشتووەتە 222.085 ملیار دۆلار، کە ئەویش بە رێژەی 4.7% زیادی کردووە.