بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک: 285 هەزار هاوبەش قەرزی کارەبایان گەڕاندووەتەوە بۆ حکوومەت
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 75%ـی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکە سوودمەند بوون لە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی بڕیارەکە تەنیا تاوەکو 10ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و وادەکەی درێژ ناکرێتەوە.
یەکشەممە 30ی ئابی 2026، حازم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆی 375 هەزار هاوبەشی کارەبا لە سنووری پارێزگاکەدا، تاوەکو ئێستا 285 هەزار هاوبەش سوودیان لە بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزی کارەبا وەرگرتووە و قەرزە کەڵەکەبووەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ حکوومەت، ئەمەش دەکاتە نزیکەی 75%ی کۆی گشتیی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکەدا.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، تەنیا چەند رۆژێکی کەم لەبەردەم دەرفەتی لێخۆشبوونەکەدا ماوە و بڕیاری داشکاندنی قەرزە کۆنەکان تەنیا تاوەکو 10ی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دوای ئەو بەروارە ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە؛ هەربۆیە داوای لەو هاوبەشانە کرد کە تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان پاکتاو نەکردووە، بە خێرایی لەم دەرفەتە سوودمەند بن.
حازم محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر فەرمانگەکان، هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە راستەوخۆ قەرزەکانیان بدەنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە نۆرەدا بوەستن.