وردەکاری داڕمانی باڵەخانەکەی هەولێر
لە جووتسایدی منارەی شاری هەولێر، باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی لە کاتی کارکردن و سەبکردنیدا داڕما، بەهۆیەوە چەند کرێکارێک بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ی رایگەیاند "کاتژمێر 9:30 خولەکی ئەمشەو تیمەکانی ئێمە ئاگادار کرانەوە لە هەبوونی ڕووداوێکی داڕمانی باڵەخانەیەک، لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ناوچەکەیان بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کرد."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، باڵەخانەکە هێشتا تەواو نەکراوە و لە کاتی سەبکردنی نهۆمەکەیدا داڕماوە، هەروەها ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا بریندار بوون، بەخێرایی لەلایەن تیمەکانەوە رزگار کران و گەیەندرانە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ڕووبەری باڵەخانەکە زیاتر لە دوو هەزار و 300مەتر دووجایە. یەکێک لە شایەتحاڵەکانی شوێنی ڕووداوەکەش بە کوردستان24ـی گوت "باڵەخانەکە لەلای پشتەوە داڕما و چەند کرێکارێک لە ژێرەوە بوون، بەرپێش گەیشتنی تیمەکان توانیمان کرێکارەکان لەژێر داروپەردووەکە دەربکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەفتەی رابردووەوە بەشێوەی 24 کاتژمێری لەسەر باڵەخانەکە کاریان کردووە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە و ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە پرۆژەکەدا، لێکۆڵینەوەی ڕەسمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکردووە.