روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییان و شوفێران لە ناردنی جۆرێک نامەی ساختە بە زمانی عەرەبی کە بە ناوی سزای سەرپێچیی هاتوچۆوە داوای پێدانی پارە لە هاووڵاتییان دەکات.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا نامەیەکی درێژ بە زمانی عەرەبی بۆ ژمارەیەک هاووڵاتی نێردراوە کە تێیدا ئاماژە بە تۆمارکردنی سەرپێچیی هاتوچۆ کراوە و داوا دەکات لە ماوەی 48 کاتژمێردا سزاکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزای دواکەوتنی دەچێتە سەر و دوای 30 رۆژ دۆسیەکە دەدرێتە دادگا.

هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم جۆرە نامانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستانەوە نییە و کارێکی نایاسایی و ساختەکارییە بە مەبەستی فێڵکردن لە هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ داوا لە شوفێران و هاووڵاتییان دەکات وریابن و وەڵامی ئەم جۆرە نامانە نەدەنەوە و بە هیچ شێوازێک پارە بۆ ئەو ژمارە و سەرچاوانە نەنێرن.

هاوکات هاتوچۆی هەرێم روونی کردووەتەوە کە شۆفێران دەتوانن تەنیا لە رێگەی پلاتفۆرمی فەرمیی (KRD Pass) یان ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە دەستیان بگات بە زانیاریی دروست لەبارەی هەر سزایەکی سەرپێچی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان، و جگە لەو سەرچاوە فەرمییانە باوەڕ بە هیچ نامەیەکی دیکە نەکەن.