کریس رایت: نابێت ئێران ئابووری جیهان بە بارمتە بگرێت

وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، دووشەممەی رابردوو زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی کەشتییەکانەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئەم ژمارەیەش بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوودا.

پێنجشەممە 3ـی ئەیلولی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکەدا لە دووشەممەدا ئاستێکی بەرز کە نزیکە لە پێش دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ تاران، بەتایبەت کاتێک هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە و ئیمارات ئەژمار دەکرێن کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ نابن، گوتیشی،" پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوبات، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بەو گەرووەدا تێپەڕیون.

وەزیری وزەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئێران توانای خۆی بۆ بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهانی لەدەست دەدات، لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا بەشداری لە پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز دەکات.

رایت گوتی: "تاران هەندێک ئاڵۆزی دروست دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی پلەبەپلە ئەو کارتەی لەدەست دەدات."

هاوکات رایگەیاند، دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی دێت، وڵاتەکەمان لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی باشتر دەبێت و لە ئێستا زۆر بەهێزتر دەبین".

ئەم قسانەی وەزیری وزەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە ئامادەین بۆ وەشاندنی گورزێکی دیکە لە ئێران.

هاوکات دەڵێت: تاران هەوڵی دابوو تواناکانی بۆ چاندنی مین لە دەریا سەر لە نوێ بونیاد بنێتەوە؛ بەڵام هێزەکانی ئەمریکا تێکیان شکاندووە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو مووشەکانەی شەوی رابردوو لە لایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، خراونەتە خوارەوە. گوتیشی: ئێران رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازبوون و داڕمان دەچێت.

سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا ناچار بوو رێوشوێنی سەربازی دژی ئێران بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی. 

ترەمپ ئاشکرای کرد، ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری B-2 بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران نەنێردرانایە، تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، کە ئەوەش دەبووە هۆی تیاچوونی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر شارەکانی ناوخۆی ئەمریکا.

لە بارەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزەوە، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێستا گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و هێزەکانیان لە شەوی پێشوودا ئاسانکارییان بۆ تێپەڕبوونی 28 کەشتی کردووە. 

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانی لە دوورگەی لاریک بۆردومان کرد، کە وای لە ئێران کرد مووشەک ئاراستەی ئوردن و ئیمارات بکات. لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئامانجەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز. 

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، ئوردن، کوەیت و عێراق و بانگەشەی کوژرانی چەند سەربازێکی ئەمریکی لە ئوردن کردبوو.