بەهای ریالی ئێرانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی
بەهای ریال بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی 2.2 ملیۆن تێدەپەڕێنێت
بەهای ریالی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی. بەگوێرەی ئەو دوو ماڵپەڕەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی ئازاددا تۆمار دەکەن، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە سەرووی 2.2 ملیۆن ریال، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی هێرشە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، بەهای ریال نزیکەی 10%ـی بەهاکەی لەدەستداوە. ئابووریی ئێران، کە بەدەست قەیرانێکی سەختەوە گرفتارە، لە ماوەی یەک ساڵدا نیوەی بەهای دراوەکەی خۆی لەدەست داوە؛ ساڵێک تێیدا سزاکانی ئەمریکا توندتر کرانەوە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتدا دەستیان پێکرد.
عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە مانگی ئابدا رایگەیاندبوو، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان کاتییە. هیمەتی گوتی: "ئەم بازدانە ئابوورییانە دروستکراون، لە بنەڕەتدا بانگەشەی سیاسیی ئەمریکان". ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت و کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
ئێران بە شێوەیەکی فەرمی نرخی جێگیری ئاڵوگۆڕی دراو پەیڕەو دەکات، بەڵام بە گشتی سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان وەکوو پێوەرێک بۆ دیاریکردنی نرخە نافەرمییەکان بەکاردەهێنرێن. پێش ئەو هێرشەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ـی شوبات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویدا، نرخی هەر دۆلارێک یەکسان بوو بە 1.65 ملیۆن ریال.
ئابووریی ئێران چەند ساڵە بەهۆی سزاکانی سەر وڵاتەکە، بەتایبەتی بەهۆی بەرنامە ناوکییەکەیەوە، بەدەست هەڵاوسانی بەردەوام و دابەزینی بەرچاوی بەهای ریالەوە گرفتارە. ئەم دۆخە، توانای کڕینی هاووڵاتییانی ئێرانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، لە مانگەکانی رابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە و لە مانگی کانوونی یەکەمدا بووە هۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانی بەرفراوان.