یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کارتۆنی لە کتێبخانەی مومتاز حەیدەری بەڕێوەدەچێت

یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کارتۆنی کتێبخانەی مومتاز حەیدەری، بە دروشمی "جەژنی کتێب، جەژنی ژیانە"، بە بەشداری کارتۆنیستان و هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهان، لە کتێبخانەی مومتاز حەیدەری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

جەبار سابڕ، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "فێستیڤاڵەکە کراوەیە بۆ هەموو هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهان و هەر هونەرمەندێک دەتوانێت بۆ هەر تەوەرێک تا دوو بەرهەم پێشکەش بکات."

پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، جەبار سابڕ، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئامانجی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە لە رێگەی هونەری کارتۆنەوە گرنگی کتێب، خوێندنەوە و زانست بخاتەڕوو، لەگەڵ رێزلێنان لە ژیان و بەرهەمە رۆشنبیرییەکانی مومتاز حەیدەری، نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری دیاری کورد. هەروەها ئەم فێستیڤاڵە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کتێب و خوێندنەوە لە رێگەی زمانێکی هونەری و جیهانی، واتە کارتۆن، بگەیەنرێتە کۆمەڵگە و پەیوەندیی نێوان هونەر و مەعریفە زیاتر بکرێت."

گوتیشی، "ئێمە بە هەڵبژاردنی دروشمی "جەژنی کتێب، جەژنی ژیانە"، دەمانەوێت پەیامێکی روون بدەین کە کتێب تەنیا کۆمەڵێک لاپەڕە نییە، بەڵکو سەرچاوەی زانست، هۆشیاری و دروستکردنی مرۆڤە."

جەبار سابر باس لە تەوەرە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "پێشبڕکێکە لە دوو تەوەری سەرەکیی پێکدێت؛ تەوەری یەکەم تایبەتە بە کتێب، گرنگی کتێب، کتێب لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و پەیوەندیی کتێب و ژیان، بەڵام تەوەری دووەم تایبەتە بە پۆرترێتی کاریکاتێری مومتاز حەیدەری."

دەربارەی رۆڵی مومتاز حەیدەری لەو فێستیڤاڵەدا، جەبار سابڕ دەڵێت، "مومتاز حەیدەری خۆی گرنگییەکی تایبەت بە هونەری کاریکاتێر دەدات و بە بەشێکی گرنگ لە بواری رۆشنبیری و هونەر و رۆژنامەگەریی دەزانێت، بۆیە بەشی پۆرترێتی فێستیڤاڵەکە بە تایبەتی بۆ وێنەکێشانی کاریکاتێری ئەو کەسایەتییە تەرخان کراوە."

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە جەختی لەوەش کردەوە، "بەپێی مەرجەکانی بەشداریکردن، فێستیڤاڵەکە کراوەیە بۆ هەموو هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهان و هەر هونەرمەندێک دەتوانێت بۆ هەر تەوەرێک تا دوو بەرهەم پێشکەش بکات. بەرهەمەکان دەتوانن بە رەنگ یان رەش و سپی بن و دەبێت بە شێوەی A3 و بە کوالێتی 300 DPI لە فۆرماتی JPEG بنێردرێن. هەروەها لە بەشی پۆرترێتی فێستیڤاڵەکەدا سێ خەڵات دیاریکراوە؛ خەڵاتی یەکەم 500 دۆلاری ئەمریکی، خەڵاتی دووەم 300 دۆلار و خەڵاتی سێیەم 200 دۆلارە."

جەبار سابڕ باس لە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بەرهەمەکان دەکات و دەڵێت، "ئەو بەرهەمانەی بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکرابن، لە پێشبڕکێ وەرناگیرێن، هەروەها بەشداربووان دەبێت ناو و وڵاتی خۆیان لەگەڵ بەرهەمە هونەرییەکە بنووسن. هەروەها دەستەی رێکخستنی فێستیڤاڵ مافی بەکارهێنانی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان بۆ مەبەستی ریکلام، بڵاوکردنەوە، پێشانگە و بانگەشەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و هەموو ئەو بەشداربووانەی کە بەرهەمەکانیان بۆ نمایش هەڵدەبژێردرێت، کەتەلۆگێکی دیجیتاڵ و بڕوانامەی دیجیتاڵی بەشداریکردن وەردەگرن."

جەبار سابڕ باسی لەوەش کرد، "ئەم فێستیڤاڵە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ هونەری کارتۆنی کوردستان و پەیوەندیکردنی هونەرمەندانی کورد بە کارتۆنیستانی جیهان، لە هەمان کاتدا کتێب و خوێندنەوە و کولتوور دەکاتە ناوەندی پەیامە هونەرییەکەی."

مومتاز حەیدەری لە ساڵی 1938 لەدایکبووە و یەکێکە لە کەسایەتییە رۆشنبیری و رۆژنامەوانییە ناسراوەکانی کورد. لە ماوەی ژیانی خۆیدا بە نووسین، رۆژنامەگەری و چالاکییە رۆشنبیرییەکانەوە خزمەتی وشە و مەعریفەی کردووە و بەشێکی گرنگی توانای دارایی و ژیانی خۆی بۆ پشتگیری کتێبخانە و بڵاوکردنەوەی زانست و کولتوور تەرخان کردووە.

یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کارتۆنی کتێبخانەی مومتاز حەیدەری بەبەشداری کارتۆنیست و هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و دوا وادەی ناردنی بەرهەمەکانیش لەلایەن هونەرمەندانەوە  10ی تشرینی یەکەمی 2026 دەبێت.