بەشێک لە ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە
هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و ناوچە شاخاوییە سەرنجڕاکێشەکانی، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ فرەچەشنیی ئاژەڵە کێوییەکان دادەنرێت، پاراستنی ئەم ئاژەڵانە تەنیا پاراستنی جوانیی سروشت نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی سیستەمی ژینگەیی.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەندان جۆر ئاژەڵی کێوی بوونیان هەیە، هەندێکیان بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کەشوهەوا، مەترسی لەناوچوونیان لەسەر و ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، لەوانە پلنگی کورد کە بە یەکێک لە دەگمەنترین جۆرەکانی پلنگ لە جیهاندا دادەنرێت و هێمای کێویبوونی سروشتی کوردستانە و لە دەڤەری بارزان دۆزراوەتەوە، هەروەها ورچی قاوەیی، رێوی سوور، سمۆرەی بچووک، کەروێشک، گورگ و کەمتیار و چەندان جۆری دیکەی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی سروشت و ژینگەی هەرێمی کوردستانیان بەو سەروەتە نیشتمانییە دەوڵەمەند کردووە و رازاندوویانەتەوە.
پسپۆڕانی ژینگە جەخت دەکەنەوە، مانەوەی ئاژەڵە کێوییەکان گەرەنتیی بەردەوامیی زنجیرەی خۆراک و پاراستنی رووەک و دارستانەکانە، هەر زیندەوەرێک لە ژینگەی کوردستاندا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت؛ بۆ نموونە ئاژەڵە راوکەرەکان رێگری دەکەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ناو ئاژەڵەکانی دیکەدا، و باڵندەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە گواستنەوەی تۆوی رووەکەکان و نوێبوونەوەی سروشت.
لەمبارەیەوە، سۆلین سەعدی، بەرپرسی بەشی ژینگەی سروشتی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت،" هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێم و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی "سایتس" (CITES) چڕ کراونەتەوە، روونیشیکردەوە هەر جۆرە بازرگانییەکی ئاژەڵە کێوییەکان بەبێ بڕوانامەی فەرمی بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لێ دەکەوێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ژیانی کێوی، سۆلین سەعدی هۆشداری دا کە چەندان جۆری دەگمەن وەک پلنگ و جاکوار لەژێر مەترسیی لەناوچووندان، هاوکات جەختیکردەوە، رێنمایی توند بۆ راوکردن دەرکراوە و پێویستە راوچییەکان مۆڵەتی فەرمییان هەبێت، بە پێچەوانەوە هەر جووڵەیەک وەک سەرپێچی تۆمار دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسی بەشی ژینگەی سروشتی تیشکی خستە سەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و جەنگ لەسەر سیستەمە ژینگەییەکان رایگەیاند، بەرزیی پلەی گەرما، وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، ژینگەی سروشتیی جۆرەکان تێکدەدەن، هەروەها جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان لە رێگەی بۆردومان، دروستکردنی بنکەی سەربازی و پیسبوونی خاک و ئاو بە ماددە کیمیاییەکان، زیانی راستەوخۆ و درێژخایەنیان بە ژینگە گەیاندووە.