قەیرانی کەمیی بەنزین بەغدا و پارێزگاکانی عێراق گرتووەتەوە
لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق قەیرانێکی سەختی کەمیی سووتەمەنی سەریهەڵداوە و بەهۆی نەمانی بەنزینی موحەسەن و سوپەر و کورتهێنانی رۆژانەی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزین لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، سەدان شۆفێر لە نۆرەی دوورودرێژدا دەمێننەوە و دەیان بەنزینخانەش داخراون.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە گرفتی کەمیی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی سەندووە، بە جۆرێک لەسەدا نەوەدی ئەو وێستگانەی پێشتر بەنزینی سوپەر و موحەسەنیان دابەش دەکرد بەنزینیان لێبڕاوە، ئەمەش وای کردووە شۆفێران روو لە بەنزینی نۆرماڵ بکەن و قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەردەم بەنزینخانە حکومییەکان دروست ببێت کە درێژیی ریزەکانی ئۆتۆمبێل گەیشتووەتە نزیکەی کیلۆمەترێک.
لە لایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری بەنزینخانە ئەهلییەکان بەهۆی پێنەدانی بەنزین لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە داخراون و تەنیا لە بەغدا نزیکەی 120 بەنزینخانە لەکارکەوتوون، تەنانەت لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغداش زۆربەی وێستگەکان بە تەواوی داخراون.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە کورتهێنانی نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزینی هەیە بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی، هەربۆیە پەنای بۆ هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەن لە دەرەوەی وڵات بردووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە.
شۆفێرێکی تاکسی لە نێو نۆرەی دوورودرێژی یەکێک لە بەنزینخانەکانی بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەم قەیرانە دەستکردە و بەشێک لە سیاسییە گەندەڵەکان لە پشتین بۆ ئەوەی وڵات وێران بکەن و گوتی: "ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندین بە نەوت ، بۆچی دەبێت ئەمە حاڵمان بێت؟ نیوەی تەمەنمان لە سەرەی بەنزین و نەوت و گازدا بەسەربرد؛ خاوەن تاکسییەکان کە هەژارترین چینی کۆمەڵگەن و رۆژانە تەنیا 20 بۆ 30 هەزار دینار پەیدا دەکەن، تاوانیان چییە کە بەنزینیان دەستناکەوێت؟ نزیکەی نیو کاتژمێرە لە نۆرەدام و پێدەچێت کاتژمێرێکی دیکەشم پێبچێت، پێش سێ رۆژیش کە نۆرەم گەیشتە بەردەم بەنزینخانە پێیان گوتم بەنزین نەماوە، لە کاتێکدا من سەرنشین و گەشتیارم لەگەڵدا بوو."
شۆفێرێکی دیکەی بەغدا لەبارەی نەبوونی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا گوتی: "نزیکەی دوو کاتژمێرە لە بەغدا بەدوای بەنزیندا دەگەڕێم و تاوەکو ئێستا دەستم نەکەوتووە، سەردانی نزیکەی حەوت بەنزینخانەم لە ناوچەکانی عەتفییە، ئەعزەمییە و حەی جامعە کرد بەڵام لە هیچ کام لەو بەنزینخانانەدا بەنزین نەبوو."
هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەی شۆفێر داوای کرد دەنگی بگەیەنرێتە دەسەڵاتداران و گوتی: "داوا دەکەم دەنگمان بگەیەننە سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە؛ بۆچی لە مووسڵ کە کێشەی کارەبای هەیە قەیرانی بەنزین نییە، بەڵام لە بەغدا ئەم قەیرانە هەیە؟ بە جددی زۆر ماندوو و بێزار بووین لەم بارودۆخە."