لە هەولێر شانۆگەری "پیانۆ" نمایش دەکرێت

شانۆگەری "پیانۆ"، لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریمە، شانۆگەرییەکی کۆمەڵایەتی و موزیکئامێزە، لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر نمایش دەکرێت.

شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، شوان کەریم، دەرهێنەری نمایشەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆگەری "پیانۆ"، 13 ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕێت و دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە سلێمانی دوو هەفتە لە شاری سلێمانی نمایشکرا و ئێستا و ئێستا لە هەولێر درێژە بە نمایشەکەمان دەدەین و دوای کۆتایی نمایشەکان لە هەولێریش، نمایشەکە بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان دەبەین و لەو شوێنانەش نمایشی دەکەن، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە بینەران بتوانن شانۆگەرییەکە ببینن."

گوتیشی، "چیرۆکی شانۆگەری "پیانۆ"، دەچێتە ناو ژیانی پارێزەرێکەوە کە دوای ساڵانێک بەرگریکردن لە داد و راستی، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ژیان و بارودۆخی کۆمەڵگە، دەکەوێتە ململانێیەکی قورسەوە، ئەو لە نێوان پابەندبوون بە راستی و داد و هەوڵدان بۆ ژیانێکی ئارام و داهاتێکی باش، لەگەڵ خۆیدا دەجەنگێت و بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا رێگەی پێشووی خۆی بەردەوام بکات یان بەرەو بەرژەوەندییە مادییەکان بچێت."

شوان کەریم زیاتر باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لە لایەکی دیکەوە، ژیانی خێزانی ئەو پارێزەرەش دەبێتە بەشێک لە رووداوەکانی شانۆگەرییەکە، بە تایبەتی کچەکەی  دوای لەدەستدانی هاوسەرەکەی بڕیاردەدات دووبارە هاوسەرگیری نەکاتەوە، بەڵام فشاری ئەو ژنەی چاودێری و بەخێوکردنی دەکات، کێشە و تێنەگەیشتنێکی زۆر دروست دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی رووداوە کۆمیدییەکان. بەم شێوەیە، "پیانۆ" بابەتێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دۆخە کۆمیدییەکان تێکەڵ دەکات."

دوای ئەوەی بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێک لە چەند رۆژی رابردوو، ئەو شانۆگەرییە راگیرا و دواتر بڕیارەکە هەڵوەشایەوە، شوان کەریم لەمبارەیەوە دەڵێت، "بە دوای رووداوەکانی رۆژانی رابردوو و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەیشتنێک لە داوەتنامە و پۆستەری نمایشەکە، بڕیاری راگرتنی نمایشی "پیانۆ" لە هەولێر درابوو. بەڵام بە دوای روونکردنەوەی بابەتەکە و چاککردنەوەی هەڵەکە، بڕیاری راگرتنی نمایشەکە هەڵوەشایەوە و نمایشەکە بە پێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت."

ئەوەشی گوت، "ئێمە وەک ستافی کارەکە، لە سەرەتاوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هیچ مەبەستێکی نادروست لە پشت ئەو هەڵەیەوە نەبووە و ئەوەی روویدا تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەیشتن بووە. لە هەمان کاتدا، سوپاسی هەموو ئەو دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارانە دەکەین کە بە ئارامی و بەرپرسیارییەوە هاوکارییان کرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە."

هەر لەمبارەیەوە، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەڵێت، "کێشەیەکی لێکتێنەگەیشتن لەبارەی پۆستەر و داوەتنامەکانی نمایشی "پیانۆ" چارەسەرکراوە و نمایشەکە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. کێشەکە پەیوەندی بە نەبوونی لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر پۆستەرەکەوە هەبووە و بەهۆی ئەو لێکتێنەگەیشتنەوە بڕیارێک بۆ راگرتنی نمایشەکە درابوو، بەڵام دوای چارەسەرکردنی بابەتەکە، رێگە بە نمایشکردنی شانۆکە دراوە. ئێمە وەکو دەزگای رۆشنبیری و هونەری هەولێر پشتیوانی چالاکییە هونەرییەکانین و رێگری لە هیچ کارێکی شانۆیی و هونەری ناکەین."

شانۆگەری "پیانۆ"، لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریمە، 13 ئەکتەر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لە نۆ ئەکتەر و چوار موزیکژەن پێکدێنن، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر نمایشبکرێت و ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.