کوردستان24 کەمپەینێکی بۆ پاڵپشتیکردنی خولەکانی کوردستان دەستپێکرد

کەمپەینی کوردستان24 بە هاشتاگی کوا خولی کوردستان؟
کەمپەینی کوردستان24 بە هاشتاگی کوا خولی کوردستان؟

زیاتر لە 400 یاریزان و 14 یانە و دەیان هەزار هاندەری یانەکانی کوردستان چاوەڕێی دەستنیشانکردنی وادەی دەستپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەکەن، بەڵام خولەکانی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو لاوازی و نەمانی پشتیوانی دەڕوات، لەم پێناوەدا کوردستان24 کەمپەینێکی راگەیاندووە بە هاشتاگی کوا خولی کوردستان؟.
خولەکانی کوردستان رۆژانێک کارگەری دروستکردنی یاریزانان بوون، دەیان یاریزان لە یاریگاکانی خولی کوردستانەوە سەرکەوتن، کەچی ئەمساڵ نەک ئامادەکاری نەکراوە بۆ دەستپێکردنی خولەکە، بەڵکو هیچ تروسکایێک دیار نییە کەی خولەکە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا خەرجی تەواوی بەڕێوەبردنی وەرزێکی خولی کوردستان تەنیا 300 ملیۆن دینارە، ناکاتە نیوەی نرخی یەک یاریزان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەگەر خولی کوردستان نەمێنێت و بەرەو لەناوچوون بچێت، دەبێت چاومان لەوەبێت، لە بری ئاکام هاشم، محەمەد دلاوەر، هارون ئەحمەد و عەلی شاخەوان و گەیلان لوقمان و ئاکۆ عوزێر و دەیان یاریزانیتر، بەدوای یاریزانی ئەفریقی و عەرەبی بگەڕێین بۆ ئەوەی لە یانەکانی دهۆک و زاخو، هەولێر و نەورۆز و گازی باکوورەوە یاری بکەن.
 کورستان24 کەمپەینێکی راگەیاندووە بە هاشتاگی کوا خولی کوردستان؟. هەموو ئەوانەی خەمخۆری وەرزشی کوردستانن ئەم هاشتاگە بەکاربێنن و فشار دروست بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی خولی کوردستان.
سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی هەولێر وەکو یەکەمین وەرزشوان و کەسایەتی ناوداری کوردستان و عێراق بەشداریی لە کەمپەینەکە کرد و رایگەیاند یاریزانی کوردی خولەکانی کوردستان لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپ دان و پێویستە بەزووترین کات پاڵپشتی دارایی لە خولەکانی کوردستان بکرێت چونکە خولەکانی کوردستان سەرچاوەی بژێو و پێگەیاندن و دەرکەوتنی ئەستێرە و بەهرەمەندی کوردە.